کێلی گۆڕی دوکتور مەسعوود گوڵزاری پەیرەوی ئایینی یارسان لە شاری تاران، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوە شکێندراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ڕێکەوتی ١١ی دێسامبر لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە، ئەو بەشەی کە نووسراوە "ئەوەڵ یار و ئاخر یار"، شکێندراوە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هەوڵە ئەگەری هەیە لەلایەن کەسانی دەمارگرژ و توندڕەوەکانی حکوومەتی ئێران، بە مەبەستی بێڕێزی بە ئایینەکانی دیکە بە تایبەت ئایینی یارسانی کرابێت.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بنەماڵەی ئەو دوکتورە یارسانییە، لە ترسی دووبارە تێکدانەدان و بێڕێزیکردن بەو لێکۆڵەرە یارسانییە، لە دووبارە نووسینەوەی "ئەوەڵ یار و ئاخر یار" لە سەر کێلی گۆڕەکەی، خۆیان بواردووە".
دوکتور مەسعوود گوڵزاری لەدایکبووی شاری تەورێزە و دوایی گۆڕینی ئایینی خۆی لە شیعەوە بۆ ئایینی یارسانی و لێکۆڵێنەوە لە سەر ئایینی یارسانی، چەندین بەرهەمی لێکۆڵێنەوەی لەو بوارەدا هەیە و مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە تەمەنی ٨٦ ساڵیدا، لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.