تیۆریزەکردنی شەڕی خۆکۆژی، هەوڵێ بۆ ئاسایی نیشاندانی کارەسات

عیرفان رەهنموون

بەڕێزێک بە نێوی “سەردار سەعدی، وتارێکی بە نێوی “ ناسیۆنالیزمی کوردی و مەسەلەی شەڕی براکوژی” نووسیوە کە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤، لە ماڵپەڕی” ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ”دا بڵاوکراوەتەوە. نووسەری وتاری ناوبراو پاش خۆماندووکردنێکی زۆر و زەوەند، بەپەژرانە سەر “پەراوێز”ی پرسی “شەڕی خۆکوژی”، هەوڵێکی زۆری داوە “کارەسات” و ئاکام و لێکەوتە زیانبارەکانی “شەری خۆکوژی-براکوژی” لە ژێر تەپوتۆزی پەژرانە سەر پەراوێزی ئەو پرسەدا ون بکا و هۆش و هزری خوێنەری وتارەکەی هێدی هێدی بۆ تیۆریزەکردنی “شەری خۆکوژیی کورد بە دژی کورد” ئامادە بکا و ببێتە نموونەیەکی بەرجەستەی خوێندەواری نادەروەست و داکۆکیکاری ئەو دەسەڵاتەی کە باوەڕی پێیەتی یان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانیدا یەیکدەگرێتەوە.

کۆی ئەو وتارە چ نییە جگە لە لایەنگرییەکی دەمارگرژانە لە کاروکردەوەکانی پارتی کریکارانی کوردستان و بە تایبەت دەستپێشخەریی ئەو پارتە لە شەڕی ٢٤ی مەی ٢٠١٥ دژ بە کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کێلەشیندا کە بە داخەوە شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە و برینداربوونی سێ پێشمەرگەی دیکەی لێکەوتەوە .

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم رەگەزە سەرەکییەکانی وتاری ناوبراو شی کەمەوە و پەردە لەسەر سەفسەتە و پارادۆکسیی زاڵ بەسەرئەو وتارەدا هەڵدەمەوە، بەبێ ئەوەی بکەومە نێو دەمارگرژی و لایەنگیرییەکی کوێرانە کە بە تانوپۆی نووسراوەی ئەو بەڕێزەوە دیارە.

تێڕوانینی گشتیشم لەسەر پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوەیە کە ئەو پارتە نوێنەرایەتیی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لە باکووری کوردستان دەکات و زۆر ئافراندنی سیاسی و رێکخستنی هێناوەتە نێو بزاڤی کورد و توانیویەتی پرۆژەی ئاسمیلاسیۆنی فاشیزمی تورک دژی نەتەوەکەمان لە باکووری کوردستان شکست پێ بێنێ و رابوونێکی نەتەوەیی وەڕێبخات .

نووسەر لە وەتارەکەیدا لە ژێر سەردێڕی” کێ برا”یە و کێ نا؟دا دەنووسێت: “ناسۆنالیسمی کوردی وەک زۆر جار گوتراوە، ناسیۆنالیسمێکی پارێزوانانەیە. ئەو پارێزوانییە نەتەنیا لە بەرمبەر نەتەوەکانی دەوروبەر، ناسیونالیسمەکانی ئەوان و وڵاتانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستاندا پێش کەوتووە، بەڵکو لەنێوخۆشدا گوتارێکی پارێزوان و کۆنزێرڤاتیڤی هەیە. ئەگەر بۆ ناسیۆنالیسمەکانی تر “برایەتی” تەوەرێک بێت، لە ناسیۆنالیسمی کورددا “نا بۆ براکوژی” وەک یەک لە تەوەرە سەرەکییەکان سەریهەڵداوە”.

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم پاراگرافەدا بە پێویستی دەزانم قامک بخەمە سەر پرسێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە “بە چیدا دەزانین کە پارتیکی سیاسی پارتێکی ناسیونالیستە یان نا؟ روونە کە بۆ زانینی ئەو پرسە پێویستە سەرەتا چاوێ بە بەرنامە و پرۆگرامی پارتەکاندا بخشێنین. بە چاوخشاندنیکی کورت بەسەر پرۆگرامی پارتە سیاسییە گەورەکانی کوردستاندا (پارتی دیموکراتی کوردستان- یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان- بزوتنەوەی گۆڕان- حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمەڵە و پارتی کرێکارانی کوردستان) بە ئاسانی و بێ گرێوگۆڵ بەو ئاکامە دەگەین لە رووی بەرنامە و پرۆگرامی سیاسییەوە، هیچیەک لەو پارتانە ناچنە خانەی پارتێکی ناسیونالیستەوە، ئەگەر پێوەرەکان پێوەری زانستی بن و لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ئەو دەقانە بن. چۆنییەتیی ڕوانینی ئەو پارتانە بۆ کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و رێکاری چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بە تەواوی لە چوارچێوەی بزووتنەوە “چەپەکان”دا جێ دەگرن کە بریتین لە چەپی ڕادیکاڵ و نێوەڕاست و سۆسیال دێموکرات؛ بەڵام ئەگەر پێوەرمان تاکتیک و پراکتیکی سیاسیی ئەو پارتانە بێت، ئەوە زۆربەی ئەو پارتانە پراکتیکی سیاسییان تەبا نییە لەتەک بەرنامە و هێڵەگشتییەکانیان بە “پارتی کرێکارانی کوردستان” یشەوە. ئەم پێکناکۆکییە تیۆری و پراکتیکە، زەقترین پێکناکۆکیی پرۆژەی سیاسیی پارتە کوردییەکانی هەرچوارپارچەی کوردستانە کە ئەم وتارە مەبەستی شیکردنەوەی ئەم بابەتە نییە.

پێویستە ئەوەشی لێ زیاد بکەم کە “سەربەخۆیی خوازبوون” بەتەنێ ناتوانێ نیشانەی راستبوون و ناسیونالیست‌بوونی پارتێکی سیاسی بێت. جگە لەوە پێکناکۆکیی ئایدۆلۆژیک خۆی لەخۆیدا ناتوانێ پاساوی “شەڕی خۆکوژی” بێ و لە خەباتی نەتەوە بندەستەکانی جیهاندا زۆر کات رووی داوە کە پارتە راست و چەپەکانی نەتەوەی بندەست لە قۆناخی رزگاریی نیشتیمانیدا، بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییە زەوتکراوەکانیان لە بەرەیەکی نیشتمانیدا یەکیان گرتووە و تووشی شەڕی خۆکوژیش نەبوون. پێچەوانەی ئەوەش رووی داوە و زۆر جار پارتە چەپەکان یەکترینیان داپلۆسیوە بێ ئەوەی پێکناکۆکییەکی دەرهەسیتیان لە بواری ئیدۆلۆژیکدا هەبووبێت. بەڵام هەروەک لە زانستی لۆژیکدا دەڵێن “ گریمانەی ئەستەم ئەستەم نییە”.

ئەگەریش قەبووڵ بکەین کە ئەو پارتانە ناسیۆنالیستن، ئەوە بە سەرنجدان بەوەی پارت ناسیۆنالیستی نەتەوەی بندەستن، بە هیچ شێوەیەک ناخرێنە ناو کاتاگۆریی “کۆنسێرڤاتیڤ” ەوە. چونکە بزاڤی نەتەوەیەکی بندەست بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی رزگاریی نیشتمانی، خۆی لەخۆیدا” رابوونێکی رادیکاڵ و شۆڕشگێرانەیە”. ئەم راستیە لەلایەن کارل مارکس وفریدریک ئینگڵس لە مانیفێستۆی کۆمۆنیستدا روون کراوەتەوە و “لینین” و “مائو” و “هۆشیمین” یش جەختیان لەسەر کردۆتەوە.

ئەوەی کە نووسەری ناوبراو ئیدیعا دەکات لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا “برایەتی” تەوەر نییە ،بەڵکو “نا بۆ براکوژی” تەوەری سەرەکییە، ئیدیعایەکی ڕووتە و بۆ دەرکەوتنی هەڵەی نووسەر لەو بوارەدا پێشنیاری پێدەکەم چاوێ بگێڕێ بە ئەدەبی کوردیدا تا بزانێ چۆن “خانی- حاجی قادر- فایەق بێکەس – گۆران – قانع – جگەرخوێن- دڵدار- شێرکۆبێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو ...هتد” باسی یەکڕیزی و تەبایی و یەکیەتیی کوردیان کردووە.

گوتاری “نا بۆ براکوژی” راست پاش شەڕی خۆکوژیی پارتی و یەکیەتی لەپاش راپەڕینی گەلی باشووری کوردستان و شەڕی پەکەکە لە گەڵ پارتی و یەکیەتیدا سەری هەڵدا و ئەو شەڕە نەفرینییە ئەوەندە گورزی گرانی لە جەستەی بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد وەشاند کە گوتاری “نا بۆ براکوژی” بووە گوتاری زاڵ لەنێو بیروڕای گشتیی کورددا. ئەم شەڕەی پەکەکە لە تەک حیزبی دیموکراتدا، جارێکی دیکە گرنگیی گوتاری “نا بۆشەڕی براکوژی/خۆکوژی/کوردکوژی” خستەوە رۆژەڤەوە.
روونە کە تا شەڕی “خۆکوژی/کوردکوژی” بە تەواوی نەوەستێ، بەستێنێ بۆ گوتاری “یەکیەتی-یەکریزی و تەبایی “فەراهەم نابێ.

نووسەر لە درێژەی نووسینەکەیدا دەپەرژێتە سەر چۆنییەتیی سەرهەڵدانی چەمکی “برا” و “برایەتی” لە کۆمەڵگەی سیاسی لە دەوڵەت-شارەکانی یوونان و شۆرشی مەزنی فەرانسە و گرێکوێرەی ئۆدیپ لە تیۆری سایکۆلۆژی فرۆید و چۆنیەتیی شۆڕبوونەوەی ئەم چەمکە بە بڕوای نووسەر بۆ نێو بزاڤی کورد و چۆنیەتیی پێکهاتنی “مام” لە باتی فیگۆری “باوک”. ئەم قەڵەم بادانە هەروەک لە پێشەکیی ئەم وتارەدا ئاماژەم پێ کرد، پەرژانە سەر “پەراوێز”ە و بۆ ونکردنی “ چەق” کە خۆی لە هەوڵی نووسەردا دەبینێتەوە بۆ ئاسایی کردنەوەی “شەڕی خۆکوژی/کوردکوژی” و هەوڵێکە بۆ داماڵینی ڕوخساری دزێوی وەها شەڕێکی کارەساتبار و تراژیک و تیۆریزەکردن و رەواییدانە بە شه‌ڕی کورد دژی کورد لە پشت دەمامکی ئیدۆلۆژیکی ساختەدا. هەر بۆیە بە پێویستی نازانم بە نێو ئەو پەراوێزەدا رۆچم کە لە راستیدا ئامانجی نووسەریش نەبووە و تەنیا هەوڵێکە بۆ تۆزاویکردنی “کرۆک و چەق” کە شەڕی دزێوی “خۆکوژی”یە و بە شێوەیەکی ناڕستەوخۆ هەوڵێکە بۆ داماڵینی ئەو کارەساتانەی کە لە ئاکامی وەها شەرێکی دزێوو نانیشتمانیدا دێنە ئاراوە.

نووسەر لە ژێر هەمان سەردێڕ و لە پاراگرافێکی دیک دا دەنووسێ: “پەکەکە هەر لە سەرەتاوە لەسەر کۆنسێپتی “هەڤاڵ” و “هەڤاڵێتی” هەوڵی یەکگرتنی نێوخۆیی دەدا. بنەما چەپی و فیمێنیستییەکانی ئایدۆلۆژیی پەکەکە و هەژماری زۆری گەریلای ژن ل نێو ئەو رێکخراوەدا، هەر لە دەستپێکەوە جیاوازیی دەخستە ناو ئەو بزووتنەوەیە و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستە کوردییەکان لە هەرە سوننەتییەکەیانەوە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بێت تا مۆدێڕنەکەیان کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بێت”.

پێویستە سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە چەمکی “هەڤاڵ و هەڤاڵێتی” داهێنانی پەکەکە نییە و هەر لە پارتی دیموکراتەوە تا حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵە و یەکیەتیی نیشتمانی، پێش دامەزرانی پەکەکە ئەو دەستەواژەیەیان بەکارهێناوە. نووسەر بەبێ هێنانەوەی هیچ ئارگیومینتیک پەکەکە دەکاتە چەپ و فیمینیست و مۆدێڕن و پارتەکانی دیکە بە دواکەوتوو نەریتی لە قەڵم دەدات.

نووسەر یان ئاگاداری مێژوو نییە یان دەمارگرژی پاڵی پێوە دەنێت کە بە پانەوە راستییە مێژووییەکان چەواشە بکات و ئاوا بێپەروا خامە بابدات. هەموان دەزانن کە پێشەوای نەمر قازی محەمەد ٧٠ ساڵ پێش ئێستا کەمایەسی بەشدارینەکردنی ژنانی لە خەباتی سیاسیدا دەرک کرد و بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە سێ دەیە پێش دامەزرانی پەکەکە، “یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستان”ی دامەزراند.
هەموانیش دەزانن کە لە هەموو رێکخراوە کوردستانییەکاندا ژن کەم تا زۆر بەشدار بووە لە خەبا دا و تەنانەت یەکەم ژنی شەهیدی مێژووی خەباتی سیاسیی هاوجەرخی کورد “لەیلا قاسم”، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو راستییە بکات کە رێکخراوی “کۆمەڵە” یەکەم رێکخراوی سەرتاسەری کوردستان بوو کە بە شێوەیەکی بەرین لە پۆتانسیەلی ژن لە خەباتدا کەڵکی وەرگرت و هەموان دەزانن کە “کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان” پێش پەکەکە دامەزراوە، بۆیە لەو پێوەندییەدا پەکەکە لە پلەی دووهەمدایە نەک پلەی یەکەمدا. پێویستە لە پێوەندییەدا ئەوەشی لێ زیاد بکەم کە زۆ بوونی گەریلای ژن بە تەنیایی پارتێک ناکاتە فیمنیست و شێوازی مامەڵەی پەکەکە لەگەڵ پرسی “ژن”دا لە چوارچێوەی هیچکام لە قوتابخانە و ڕێبازە ناسراوە فیمینیستیەکانی جیهاندا ناگونجێت و گوشاری کۆمەڵگەی نەریتیی باکووری کوردستان رەچاو کراوە. هەرچەند کە ئێستا پەکەکە سیستمی هاوسەرۆکیی نێرومێ پەیڕەو دەکات، بەڵام هەموان دەزانن کە هاوسەرۆکی مێی رێزدار “جەمیل بایک” یەک لە سەدی ئەو رۆڵی نییە لە داڕشتنی بڕیار و بەڕێوەبردنی پلان و بڕیارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا.

پێویستە ئەوەش بگوترێ کە پۆلینبەندیی پارتە سیاسییەکانی کوردستان بە چەپی چەپ و چەپی نێوەنجی، کە بەڕای نووسەر خۆی لە پەکەکە و یەکیەتیی نیشتمانی و راستی راست کە بە بۆچوونی نووسەر خۆی لە پارتی دیموکراتدا دەبینێتەوە، ستەمێکی گەورە و نکۆڵیکردنێکی نادادپەروەرانەیە لە پەرتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە ئەگەر “چەپ”بوونی رادیکاڵ نیشانەی پێشکەوتن و پێشڕەوبوون بێ، ئەوە ئەو پێشکەوتن و پێشڕەوییە زۆرتر بە “کۆمەڵە، ریکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران” دەبڕێ نەک بە پەکەکە و گشت پارتە رۆژهەڵاتییەکان لە پۆلێنبەندی “چەپ”دا جێ دەگرن. یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە ڕای نووسەر، پاش پەکەکە، چەپترین و پێشکەوتووترین پارتی کوردستانە، بە پێی دانپێدانانی رێبەرانی یەکیەتیی نیشتیمانی، لە ژێر کاریگەریی تێزی بەنێوبانگی “سۆسیالیزمی دێموکراتیک” ی شەهید قاسملوو دا، بەرەو ڕێبازی سوسیال-دیموکراتی هەنگاویان ناوە.

نووسەر لە درێژەی بابەتەکەیدا دەنووسێت: “سەرەڕای ئەوەش ئەو شەڕەی دوایی تابلۆیەکی جیاوازی لە سیاسەتی کوردیدا نیشان داین. چونکە ئەوە بەتایبەت لە نێوان حدکا، وەک یەک لە هێزە کلاسیکەکانی ناسیونالیزمی کوردی و پەکەکە وەک نوێنەرایەتی هێڵی غەیرە ناسیونالیستی رووی داوە”.

ئەم بلۆکبەندییەی (حدکا وەک هێزی ناسیونالیستی کوردی و پەکەکە وەک هێڵی نا ناسیونالیست) کە ئەم بەڕێزە لەم پاراگرافەدا ڕەنگڕێژی کردووە، ڕاست دەمانخاتەوە بیری تێزە دزێوەکانی جەنابی “مەنسوور حیکمەت/ژوبین رازیانی” کە بۆ ڕەواییدان بە شەڕی خۆکوژیی کۆمەڵە و حدکا دەی لووراند “لە کوردستاندا دوو هێڵی دژ بەیەک هەیە. هێڵی بۆرژوا- ناسیونالیست کە حیزبی دیموکرات نوێنەرایەتیی دەکا و خۆی لە سروودی بۆرژوایی “ئەی رەقیب”دا بەرجەستە دەکا وهێڵی پرۆلیتاریای شۆڕشگێڕ کە کۆمەڵە نوێنەریەتی و هێماکەیشی سروودی کرێکاریی ئەنتێرناسیونالی سوسیالیستە”.

هەموان ئاگادارن کە ئەو تیۆرییە دزێو و نامرۆڤانییە چ کاولکاری و مرۆڤکوژییەکی لێ کەوتەوە و چۆن ڕژیمی خومەینی سوودی لێ بینی و چۆن کۆمەڵانی خەڵکی لە پارتە سیاسییەکان دڵسارد کردەوە. ئێستا دەبینین کە بە خۆشییەوە هەموو لایەنەکانی ئەو شەڕە و هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەفرینی دەکەن و مێژووش وەک لاوازترین خاڵی بزاڤی کورد لەو سەردەمەدا تۆماری کردووە.

بە داخەوە کاکی نووسەر تازە بە تازە خەریکە تەپوتۆزی سەر تێزە نەفرینییەکانی “مەنسوور حیکمەت” دەتەکێنێ و دەرخواردی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی دەدا و لە کاناداوە شەیپووری شەڕی خۆکوژی دەژەنێ.

لێرەدا پێویستە ئەو پرسیارە لە نووسەر بکەین کە ئایا ئەو چۆن پاساو بۆ ئەو شەڕانەی نەوەدەکانی زایینیی پەکەکە لەگەڵ پارتی و یەکیەتیدا دێنێتەوە کە ڕاست لەو کاتەدا روویان داکە پەکەکە زۆر بە تۆخی باسی دامەزرانی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ چوارپارچەی کوردستان دەکرد و گوتاری ناسیونالیستیی پەڕگیری پەیڕەو دەکرد؟

پێویستە بە یادی نووسەری بەڕێزی بهێنینەوە کە هیچ پارتێکی کوردستانی لە درێژەی خەباتی خۆیدا، هێندەی پارتی کرێکارانی کوردستان، چڵاوچڵ و جۆلانەی ئیدۆلۆژیکی نەکردووە و هیچ پارتێکی کوردستانی بە ئەندازەی پەکەکە ئیستراتیژیی نەتاکتیکاندوە. ئەگەر بە وردی سەرنجی چڵاوچڵە ئیدئۆلۆژیکەکانی پەکەکە بدەین، دەبینین کە لە چەندین قۆناخدا جێگای ئیستراتیژی و تاکتیکی سیاسی گۆڕاوە بۆ بەرژەوەندیی کورتخایەنی رێکخراوەیی، ئیستراتیژی کردۆتە قوربانی تاکتیکە کورتخایەنەکان کە من بە “تاکتیکاندنی ئیستراتیژی” ناودێری دەکەم.

هەروەک دەزانین، ئەم حیزبە لەسەرەتای دامەزرانیدا، ئاڵای بە چەکوش و داسی هەڵکرد و خۆی بە رێکخراوێکی مارکسیست-لینینیست ناساند. بەهۆی ئەوەی کە رێبەر و دامەزرێنەری پەکەکە بەڕێز “ ئۆجەلان” هیچ زمانێکی دیکەی جگە لە زمانی تورکی نەدەزانی، لە رێگەی چەپی تورکییەوە لەتەک مارکسیزمدا ئاشنا بوو.
مارکسیزمی تورک وەک مارکسیزمی عەرەب و فارس، خوێندنەوەی رووسیی مارکسیزم (مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس) بوو و لینینیزمەکەشی زیاتر لە ستالینیزمەوە نزیک بوو تا خوێندنەوە و شرۆڤەکانی لینین بۆ پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکان.

کەواتە ئیدۆلۆژیی پەکەکە لە سەرەتادا مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس- ستالینیزم بوو و زۆرێک لەو توخمە ئایدۆلۆژییە لە بەرنامە و پراکتیکی پەکەکەدا ،لە دەیەی یەکەمی دامەزرانیدا بە روونی دەبینرێن ـ لێرەدا دەرفەتی ئەوەمان نییە دەلاقەیەک لەسەر ئەو بابەتە بکەینەوە.

پاش ئەوەی پەکەکە لەپراکتیکدا بۆی دەرکەوت کە بەو خوێندنەوە ئۆرتۆدۆکسییە لە مارکسیزم ناتوانێ لە کۆمەڵگەی کوردستاندا - کە تێیدا پێکناکۆکیی نەتەوەیی، پێکناکۆکیی سەرەکی بوو- جێ پێی خۆی بکاتەوە و خەباتەکەی بەرەوپێش ببا، ناچار بوو بێ دەستکاریکردنی هێڵە تیۆرییەکانی، لە پراکتیکدا لە رێکخراوێکی مارکسیستیی ئۆرتۆدۆکسەوە وەرچەرخێ بۆ رێکخراوێکی ناسیونالیستیی پەڕگیر.
بینیمان کە پەکەکە بە کەڵکوەرگرتن لەم وەرچەرخانە و دروستکردنی پەیوەندییەکی چڕی ئیقلیمی لە گەڵ عێراق، سووریا و ئێراندا، بووە گەورەترین رێکخراوی هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەم وەرچەرخانە پراکتیکی و ناسیونالیستییە پەڕگیرە درێژەی هەبوو تا دەستگیرکرانی بەڕێز ئۆجەڵان و گیرسانەوەی لە زیندانی ئیمرالی.

ئۆجەلان لە ڕەوتی دادگایییەکەیدا وەرچەرخانێکی دیکەی کرد و جارێکی دیکە ئیستراتیژیی پەکەکەی تاکتیکاند و بە ئاشکرا کەوتە پیاهەڵدانی “ ئاتاتورک” و ئەوی وەک خەباتکاری مۆدێرنیزاسیۆنی تورکیا لە قەڵەم دا و “شێخ سەعید” ی وەک کەسایەتییەک ناودێر کرد کە دەیهەویست کارشکێنی بکا لە بەرامبەر پرۆسەی مۆردڕنیزاسیۆنی موستەفا کەمال ئەتاتورکدا.

ئەم تاکتیکە نوێیەی ئۆجەڵان لەسەر ئەم دروشمەی پەکەکە بونیات نرا کە “بێ سەرۆک ژیان نابە”. ئەو کە خۆی لە پەکەکە بە گەورەتر دەزانی و هاوڕێیانی قەندیلش جەختیان لەسەر دەکردەوە، بووە تەنیا کلیلی چارەسەریی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان. روونە کە کلیل لە زیندانەوە توانای کردنەوەی دەرگاکانی باکووری کوردستانی نییە، هەر بۆیە ئستراتیژی ئۆجەلان بوو بە ئازادکردنی خۆی لە زیندان.

هەر بۆیە بۆ ماوەی ١٤ ساڵ کەوتە نووسینی کتێبگەلێ کە تێیدا، ناسیونالیزم و هەوڵدان بۆدامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی بە تەواوی رەت کردەوە و بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکوو مارکسیزمی وەک هەوڵێ لە پێناو سەقامگیرکردنی دەوڵەت-نەتەوە لە چوارچێوەی مۆدێرنیزمی کاپیتالیستیدا ناودێر کرد و بە کەڵکوەرگرتن لە تێزەکانی فەیلەسوفێکی ئانارشیستی ئەمریکایی، تێزی ئانارشیزمی چەپی لە چوارچێوەی “ خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیک” دا هێنایە ئاراوە.

من پێم وایە ئەم وەرچەرخانە بەرواڵەت ستراتیژیکەی بەرێز ئۆجەڵان، تاکتیکێکە بۆ رەخساندنی بواری ئازادی بۆ خۆی و دڵنیام ئەگەر ئازاد ببێ، ستراتیژییەکی جیاواز دەگرێتە بەر.

لێرەدایە کە رووناکبیرانی بەستراوە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەکەونە ناو هەڵوێستی کۆمیک-تاراژیکەوە. چونکا لە هەموو ئەم قۆناخانەدا کە پەکەکە هەڵبەزودابەز و جۆلانەی ئیدۆلۆژیکی تێدا وەڕێخستوە، کاری ئەوان تەنیا ئەوە بووە کە پاساو بۆ ئەو جۆلانە ئیدۆلۆژیکە دژبەیەک و پێکناکۆکانە بهێننەوە.

رووناکبیرانی بەستراوە بە پارتی کرێکارانی کوردستان، ساڵەهای ساڵ ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکەیان بە “تورکچێتی-عەرەبچێتی و ئێرانچێتی” تاوانبار دەکرد، کەچی ئێستا راست بە پێچەوانەی بۆچوونەکانی رابردوویان هەڵوێست دەگرن و ڕێکخراوە کوردییەکان بە ناسیۆنالیست تاوانبار و ناودێر دەکەن، بەبێ ئەوەی ئاوڕێک لە هەڵوێستە پێکناکۆک ودژبەیەکەکانی خۆیان بدەنەوە و تەنانەت سووکە رەخنەیەک لە کرداری سیاسیی خۆیان بگرن.

پرسیار ئەوەیە ئەگەر هاتوو بەڕێز ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بوو و داوای ئۆتۆنۆمی، فێدڕاڵیزم یان دەوڵەتی سەربەخۆی کرد، رووناکبیرانی بەستراوە و گرێدراوی پەکەکە چۆن هەڵوێست دەگرن و چۆن لەپرسی شەڕی خۆکوژی دەڕوانن؟

لە کۆتایی ئەم نووسینەدا، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە رستەیەک بکەم کە پارتی کرێکارانی کوردستان، ناتوانێ نە لە باشوور ونە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک رۆژئاوا سیستمی فیکری و سیاسیی خۆی جێگیر بکا. چونکە ئەو دوو بەشەی نیشتمانی کورد خاوەنی بزاڤی سیاسی-کولتووریی تایبەت بە خۆیانن .پارتی کرێکارانی کوردستان کە لەگەڵ تورکیە ئاگربڕی کردووە و شریخەی تفەنگەکانی بێدەنگ کردووە و لە میتنگەکانی “هادەپ” دا لە پاڵ وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکەدا ئاڵای سووری تورکیەی بە مانگ خەمڵاوی بەرز و شکاوە راگرتووە، ناتوانێ لە سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتدا و لە کێلەشین بە زمانی تفەنگ بە دژی هێزە رۆژهەڵاتییەکان بدوێ. ئەگەر درێژە بەو سیاسەتە هەڵەیە بدات، دڵنیام یەکەم پارتێک کە زیانی پێدەگات و سەرجەم شانازییەکانیشی دەچێتە ژیر پرسیارەور، پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت. هەر بۆیە هیوادارم پەکەکە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بزاڤی رۆژهەڵاتدا بکات و ئەگەر بە هۆی پێوەندییە ئیقلیمییەکانیەوە ناتوانێ یارمەتیدەر بێت، لانیکەم نەبێتە لەمپەر و شانازییەکانی خۆی نەباتە ژێر پرسیارەوە.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە