تیرۆریزمی داعش لە نێوان مێژووی خوێناوی عەڕەب و عەجەم و سیاسەتی ڕۆژئاوایی دا

عارف شێخ ئەحمەدی

پوختە و پێشەکی:

مرۆڤ لە کاتی درووست بوونیەوە لە لایەن خودای پەروەردگارەوە وەک ئەشرەفی مەخلووقات جێگە و پێگەی دیاری کراوە و ڕێزی لێ گیراوە، ھاوکاتیش وەک بوونەوەرێکی خاوەن نوتق و مەنتق بەر لە باوەڕبوونی بە خودا و ئایین، بەرپرسیاری شەخسییەت و کرداری خۆیەتی و بچووکترین ھەڵسووکەوتی دەتوانێت دونیای حەز و خولیاکانی بگۆڕێت و بەرەو ئاڕاستەیەکی جیاواز شوێن بزری بکات.

ڕەنگە زۆر کەس وا بیربکەنەوە کە پێکھاتنی گرووپ و دەستە و تاقمی مرۆڤ کوژ و دز و جەردە لە بناغەدا بە چەند ھۆکارێکی وەک نەبوونی یاسا و شەڕ و قات و قڕی و ئایین و لاوازی دەسەڵات و حوکمڕانی لە دابین کردنی مووچە و پارێزگاری لە کەرامەتی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرێت و زۆربەی کوشت و بڕەکانیش تەنیا لە ئیدیۆلۆژی توند و تیژدا ڕەنگ دەدەنەوە و ئیسلامیش ئیدیۆلۆژییەکی مەترسیدارە، بەڵام یەکەم شت بە ڕای من ئیسلام تەنیا ئایینە و ئیدیۆلۆژی نیە.

بە پێچەوانەی زۆر زانا و بیرمەندی ئیسلامی کە لە سەرەتاکانی ئیسلام و دواتریش لە سەردەمی خوێندنەوەی بیر و ھزری سەلەفی ساڵح کە بە نووسراوەکانی \"جیهاد و سیاسه‌ی شه‌رعی\" له‌\"مجموع الفتاوى\" ئیبن تەیمییەوە دەست پێ دەکات و داوتر بەشێک لە ئیخوان ئەلموسلمین و زۆر ڕێکخراوی ئیسلامی دیکە دەگرێتەوە، ڕایان وایە ئیسلام سەرچاوەی فکریی و ڕێبازە و ھەوێنی بوون و نەبوونی کۆمەڵگەیە، واتە دەیانھەوێت ئایین تێکەڵی زانست و سیاسەت و دامەزراوە ئەمڕۆییەکان بکەن و بیکەنە پڕۆگرامێکی گشتگیر کە گشت لایەنەکانی ژیان لە خۆ دەگرێت، ئەمەش شکاندنی قەداسەتی ئایینە وەک سەرچاوەیەکی مەعنەوی و ڕۆحانی بۆ پەیوەندی گرتن بە خودا و ئاسوودەیی ناخی مرۆڤ لە چوارچێوەیەکی تایبەتدا و تێکدانی سۆزی ئایینی و نانەوەی تۆویی سەرلێشواوی لە عەقڵی مرۆڤدا.

بەر لە ھاتنی ئایین، مرۆڤ مرۆڤی خواردووە، سەری بڕیوە، سووتاندوویەتی، بێ ڕێزی پێ کردووە، دەستدرێژیی کردۆتە سەر بەرانبەرەکەی...ھتد، لە دوای ئایینیش کرداری قێزەوەنی مرۆڤ وەک چۆن پێش ئایین بوونیان ھەبووە، دووپات بوونەتەوە.

ئایین بۆ جوانکاری ڕەوشت و کردەی مرۆڤ ھاتووە نەوەک بۆ درووست کردنی دوژمنایەتی لە نێوان ئیمانداران و بێ باوەڕان لە جیھاندا، کەوابوو وەحشیگەری مرۆڤ مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ بەر لە ھاتنی ئایین و ئایینزاکان و نابێت تانە لە ئایین بدرێت لەمەڕ ئەوەی تیرۆریستەکان خۆیان بە دەقی پیرۆزەوە پێناسە دەکەن و خۆیان لکاندووە بە ئایینەوە.

لە جیھانی ئێستا و ڕابردوودا نموونەی کوشتار و جینۆسایدی قەومی و ڕەگەزی و چینایەتی کەمتر لە شەڕی ئایینی نین، شەڕە جیھانیەکان و کوژرانی ملیۆنان مرۆڤ و کاولکاری وەڵاتان ھۆکارەکەی تەنیا ئایین نەبووە، داگیکردنی وەڵاتان و بە کۆلۆنی بوونی ژومارەیەکی بەرچاو لە نیشتیمانەکان، شەڕی بورژوازی و پرۆلتاریا، و دەیان کارەساتی مرۆڤی دیکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم ڕاستیە حاشا ھەڵنەگرە دەسەلمێنن کە پەنجەی تۆمەت ڕاکێشان تەنیا بۆ ئایین لە نەزانی و بێ ویژدانیەوە سەرچاوە دەگرێت.

مێژووی ئایینەکان دەریانخستووە ھەر کات ئایین تێکەڵ بە حوکمڕانی و سیاسەت و ھزری نەتەوەیی و ڕەگەزی...ھتد کراوە و زۆرانبازی لە نێوان ئایین و زانست ڕووی داوە، شکستی بەدواوە بووە، ھۆکارەکەی دیارە، چونکە پێوانەی خۆشەویستی وەڵات و زانست و نەتەوە و ئایین ھەر ھەموویان جیاوازن لە یەکتر. وەک ئەوەی کەسێکی ئایینی بیھەوێت بوونی زانستی ئینفۆرماتیک و ئەنترنێت بە ئایەتی قورئان و حەدیسی سەحیح بە خەڵکی بسەلمێنێت، ئەنجامەکەی دیارە شکست دەبێت، چونکە ھەڵسەنگاندنی قورئان وەک کتێبێکی سەماوی تەنیا بە پێوەری زانستی ھەڵەیە، ھەر وەک چۆن نابێت پێشەکەوتنی زانست بە ئایەت و حەدیس لێکبدەینەوە، کاتێک کڵێسەی کاتۆلیک لە سەر حەقیقەتی سەلماندنی تیۆری کوپرنیک لە لایەن گالیلەوە کە بریتی بوو لەوەی زەوی لە سووڕانەوەی خۆیدا ناوەند نییە و بە دەوری خۆردا دەسوورێتەوە، گالیلەی بە مردن حوکم دا، گالیلە نەمرد، بەڵکوو کڵێسە شکۆ و شەوکەتی ڕووخا و ڕێنسانسی بە دواوە بوو، لەمەڕ ئەوەی خۆھەڵقورتاندنی ئایین لە پیشەیەکدا کە سنووری ئەو نیە، شکستی لێ دەکەوێتەوە.

بە ناوی کڵێسە و پاپای واتیکان ھێرش کرایە سەر ئۆرشەلیم قودس، سەردەمانێک ھیتلەر بۆ تۆڵەی خوێنی عیسا حەوت ملیۆن مرۆڤی سووتاند و دواتر دەرکەوت ھەموو تێچووی شەڕی جیھانی بە چەکی بانکیی کەسێکی ماسۆن بووە!!

سەردەمێک تورکانی عوسمانلی بە ناوی خیلافەتی ئیسلامەوە جینۆسایدی ئەرمەنیان کرد و وەحشیگەری خۆیان بە ئیسلامەوە گرێ دا، لە ھێندووستان شەڕی ھێندوو و موسڵمان درووست بوو، دوای ڕووخانی مزگەوتی بابری دەرکەوت سیاسەتی ھاندانی بریتانیا لە پشت ھێرشی ھێندووەکان بووە کە گۆیا شوێنی مزگەوتەکە، پەرەستشگەی ھێندوو بووە!!! ھەر ئێستا بووزییەکان لە وەڵاتی بورمای بە پشتیوانی چین و ماچین ژن و منداڵی موسڵمانن دەسووتێنن و کەچی بە ھەر دوو باڵی ئایینی بووداوە، تەنیا دێڕێک دەربارەی سووتاندنی کەس نەھاتووە!! کە وابوو ئەوانەی بە عەقڵی قەومی، سیاسەتی جیھانی، دڕندەیی ناوچەیی و بە بیانووی ئایینەوە تاوان دەخولقێنن، گومان ھەیە لە مرۆڤ بوونیان، چ بگات بەوەی کەسێکی خاوەن باوەڕ و جوامێر و ئیماندار بن.

بەشی یەکەم:

داعش و دەقی پیرۆزی ئایینی

پێش ئەوەی باسی چۆنیەتی درووست بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بکەین، پێویستە ئاوڕێک لە دەقی پیرۆز و حەدیس و کتێب و ئەو نووسراوانە بدەینەوە کە خۆیان بە شیکار و دمڕاستی ئیسلام دەزانن و دواتریش باسی دڕندەیی نەتەوەی عەڕەب و عەجەم لە مێژوودا بکەین کە چلۆن دوای ئیسلامیش بەشێکی زۆر لەم دوو نەتەوەیە خەسڵەتە خراپەکانی خۆیان تێکەڵ بە ئایینی ئیسلام کردووە.

بۆ ئەوەی مرۆڤ موسڵمان بێت پێویستە لەسەری باوەڕی بە پایەکانی ئیسلام کە بە شەش پایە ناسراون؛ وەک لە قورئاندا هاتووە بێت، ﴿آمَنَ الرَّسُولُ بِمَا أُنزِلَ إِلَيْهِ مِن رَّبِّهِ وَالْمُؤْمِنُونَ كُلٌّ آمَنَ بِاللّهِ وَمَلآئِكَتِهِ وَكُتُبِهِ وَرُسُلِهِ لاَ نُفَرِّقُ بَيْنَ أَحَدٍ مِّن رُّسُلِهِ وَقَالُواْ سَمِعْنَا وَأَطَعْنَا غُفْرَانَكَ رَبَّنَا وَإِلَيْكَ الْمَصِيرُ) واتە پێغه‌مبه‌ر و ئیمانداران باوه‌ڕیان هه‌یه به‌وه‌ی له لایه‌ن په‌روه‌ردگاریانه‌وه هاتۆته خواره‌وه‌، هه‌موویان باوه‌ڕیان هه‌یه به خودا و فریشته‌کانی و کتێبه‌کانی و پێغه‌مبه‌ره‌کانی(ده‌ڵێن) هیچ جۆره جیاوازیه‌ک ناکه‌ین له نێوان هیچ پێغه‌مبه‌رێ له پێغه‌مبه‌ره‌کانی خوادا.

و کاتێک لە پێغەمبەر محەمەد د.خ پرسیار کراوە لەسەر باوەڕ، لە وەڵامدا فەرموویەتی: (أن تؤمن بالله وملائكته وكتبه ورسله واليوم الآخر, وتؤمن بالقدر خيره وشره) واتەباوەڕت بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی و ڕۆژی دوایی هەبێت، هەروەها باوەڕت بە قەدەر هەبێت بە باش و خراپیەوە.

داعش وەک ئاڵاھەڵگری ئێستای بزووتنەی سەلەفی- جیھادی خۆی پێناسە دەکات، ڕاستە جیهاد لوتکه‌ی هه‌ره ‌به‌رزی ئیسلامه‌، مانای ئه‌وه‌یه‌که‌سێک هه‌موو توانا و وزه‌ی خۆی به‌کاربهێنێت له‌پێناوی خوادا، و جۆرەکانی جیھادیش وەک جیھادی فەتح و جیھادی بەرگری(دفاع) و جیھادی نەفس لە دەقی پیرۆزدا باس کراوە، بەڵام داعش و ھاوسۆزەکانی ئەم ئایەتی قورئان و چەندین ئایەتی دیکە بە عەقلی حەدیس بۆ خۆکوژی و پیاوی خۆکوژ مانا دەکەنەوە و ناویان ناوە\"استشھادی\" کە خودای مێھرەبان دەفەرمێت: (ومن الناس من يشرى نفسه ابتغاء مرضات الله والله رؤوف بالعباد) .

كەوابوو ڕاگەیاندنی جیھاد لە ڕوانگەی ئیسلامەوە ھەڵوێستێک نیە لە بواری عەقیدەدا دژ بەکافران و بێ باوەڕان، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و ھەمیشەییە دژ بەستەمکاران و زۆرداران.

بەپێچەوانەی تێگەیشتن و بۆچوونی گروپە توندئاژۆکان، کەھەمو شتێکیان لەئیسلامدا پەیوەست کردووە بەلایەنی ئیمان و عەقیدەوە. بۆچوونی ئەوان پێچەوانەیە و ناگونجێ دەگەڵ ئەم ئایەتە قورئانیە کە ڕاشکاوانە ھەمو جۆرە زەخت و گوشارێک لە پێناو ئیمان و باوەڕ بە دین ڕەتدەکاتەوە( لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ قَدْ تَبَيَّنَ الرُّشْدُ مِنَ الْغَيِّ).

یانیش پێچەوانە تێگەیشتنی داعش لە چەمکی (الولاء والبراء) واتە چۆنیەتی دۆستایەتی و دوژمنایەتی دەگەڵ بێ باوەڕ، لێرەدا نامھەوێت بە وردی باسی تەفسیر ھەموو ئەو ئایەت و حەدیسانە بکەم کە گرووپە توندڕەوەکان کردارە ناپەسەند و دڕندانەکانی خۆیانی پێ مەشرووع دەکەن، بەڵکوو تەنیا مەبەستەمە بڵێم ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیاتر لەوەی بونیاتی فکریی خۆی بە تێگەیشتنی سەردەمیانە لە قورئانەوە گرێ بدات، زیاتر دوای حەدیس و ئەو کەسایەتیانە کەوتووە کە لە سەردەمێکدا باسی جیھادیان کردووە کە جیھاد کردن بۆ بەرەنگاری بووە(جیھادی دیفاع) نەوەک بۆ ھێرش بردن و (جیھادی فەتح)، چونکە ڕیسالەتی ئیسلام گەیشتۆتە ھەموو جیھان و پێویست ناکات لەم سەردەمەدا کە ھەر تاکێکی مرۆڤ دەتوانێت بە ھەموو زمان و زاراوەکان ڕێبازی ئیسلام و قورئان بخوێنێتەوە، بە شەڕ و شمشێر خەڵکی بۆ خوداپەرەستی ڕێنوێنی و ئامۆژگاری بکەیت. ئیبن تەیمییە و ئیبن قەییم و یارانی ئەوان کاتێک باسی جیھادیان کردووە کە تاتار و مەغۆلی بێ باوەڕ ھێرشیان کردۆتە سەر موسڵمانان، چەند سەدە لەمەوبەر؟!! وەک ئەوەی کەسێک بە شەھادە و بڕوانامەی زانستی پزیشکی سەردەمی لوقمانی حەکیم بیھەوێت بە پزیشکانی ئەم سەردەمە بەو ھەموو تیکنۆلۆژی و کەرەستە پێشکەوتووەو بسەلمێنێت ئەو زانست و حاڵی بوونەی ئەو لە بواری پزیشکی کۆندا بێ گۆڕانگاری دەبێ پەیڕەو بکرێت لەم سەردەمەشدا!!!

مانای جیھاد بەلای داعشەوە ئەمەیە کە دەڵێن:\"جیهاد کردن بۆ به‌رز ڕاگرتنی وشه‌ی خوایه‌(لاإله‌إلآالله‌)، بۆ به‌رگری له‌ئیسلام و پاراستنیەتی، بۆ بڵاوکردنه‌وه و گه‌یاندنی په‌یامه‌کانیەتی بۆ هه‌موو شوێنێک و بە ھەر شێوەیەک، له‌ به‌ر ئه‌وه‌له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانێکی به‌توانا بۆ جیهاد واجبه‌ڕۆڵی خۆی له‌و مه‌یدانه‌دا ببینێت، به‌ڵام چونکه‌پێویستی به‌سوپا و هێز و ڕێکخستن هه‌یه‌، چونکه‌شه‌ڕ و خوێن و ئاگر و ئاسنه‌، هه‌ر موسوڵمانێک توانای هه‌بێت ده‌بێت بچێت به‌ده‌میه‌وه‌. ئه‌و کەسەی ئەنجامی نەدات دواده‌که‌وێ و پاساویشی نیه‌و تاوانبار ده‌بێت؟!!!

لە مێژووی عەڕەبدا و لە دوای کۆچی پێغەمبەر د.خ عەقڵیەتی جاھیلی و دواکەوتووی عڕووبە بە دەیان و بگرە سەدان جاری دیکە سەری ھەڵدایەوە و درووست بوونی پێغەمبەرانی درۆیینە، شەڕی کەسایەتییە عەڕەبەکان لەمەڕ خیلافەت و شەڕی خالید بن وەلید، کوژرانی عوسمانی کوڕی عەفان، سەرھەڵدانی خەواریجی نەھرەوان (ئەبازییە)ی ئەمڕۆ و کوژرانی ئیمامی عەلی، شەڕی عایشە و عەلی، یەزید و ئیمامی حسەین، و ئاگرادنی کەعبەی پیرۆز لە لایەن حەجاج ئیبن یوسف...ھتد، مێژووی عەڕەب پڕاوپڕە لە ڕووداوی ناخۆش و کوشت و بڕ، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئایا ھەمووی ئەم مێژووە کە لکێندراوە بە ئایینەوە، عەڕەبی بووە یان ئیسلامی، چونکە عەڕەب بە سیفەتی عرووبەوە مێژووی ئیسلامیان نووسیوەتەوە، بۆیە لە زۆربەی ئەو کتێبانەی باسی مێژووی ئیسلام دەکەن و عەڕەب نووسیویانە، دەبینین کاتێک پێغەمبەر د.خ شەڕی تەوایفی یەھوودی کردووە زۆر بێ بەزەیی بووە و باسی سەربڕێن و داگیرکردنی ژن و منداڵی تێدایە، بەڵام کاتێک عەڕەب خۆیان شەڕی یەکدی دەکەن شتی وا بوونی نیە و دوای فەتحی مەکە، ڕێبەری ئیسلام بە ئاسانی لێیان خۆش دەبێت و زۆربەی سەرکردە عەڕەبە کافرەکان دەکاتە کاربەدەست و بەڕێوبەر و تاقە زللەیەکیان لێ نادرێت!!!، ئایا ئەم ھەموو پارادۆکسە نەزەری و مەنتقییانە لەو مێژووە ئیسلامیەدا کە عەڕەب خۆیان نووسیویانە دەری ناخەن کە عەقڵی عرووبە چەواشە کاری کردووە و خۆیان زاڵکردووە بە سەر حەقیقەتی ئایینی ئیسلامدا؟!

بە دڵنیایی بەڵی، عەجەم لە عەڕەب خراپتر مێژووی ئیسلامیان تێکداوە، ئەو مرۆڤ کوژی و وێرانکەری جیهان و ئەتک کردنی کیژان و ...ھتد لە لایەن تەیمووری لەنگ بە ناوی ئیسلامەوە کردوویەتی، تورکانی غەزنەوی و سەلجووقی و تاوەکوو عوسمانلی، بە دانانی بەردی بناغەی مێژوویەکی خوێناوی و بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە کە تا ئێستاش درێژەی ھەیە خراپتر لە عەڕەب لە ئەتک کردنی ئیسلامدا دەوریان گێڕاوە.

بە فەرمی کردنی مەزھەبی شێعە لە لایەن عەجەمی سەفەوی و شەڕ دەگەڵ تورکانی عوسمانی کە خۆیان بە ئاڵاھەڵگری پاشماوی خیلافەتی ئیسلامی سوننی دەزانی چەندە زەرەری بە پەیامی مرۆڤانەی ئایینی ئیسلام گەیاند و لە دواکەوتویی و ماڵوێرانی تا ئێستای موسڵمانان دەوریان ھەبووە.

بەشی دووھەم:

پێکھاتنی داعش و سیاسەتی ڕۆژئاوایی


ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کە کۆکراوەی \"دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام\"ە لە سەر عەقیدەی سەلەفی-جیھادی و (تەکفیر)ی دامەزراوە و سەرکردەکانی پێشتر بەشێک بوون لە ڕێکخراوی تیرۆریستی \"ئەلقاعیدە\" لە عێراق و ئەفغانستان.

دەبێ بزانین بەر لە ھەموو شتێک پێش لە درووست بوونی داعش سێ وەڵاتی ئێران و ئەمریکا و عێڕاق بە ڕێکەوتنێکی نھێنی لەمەڕ ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە زیندانیە توندڕەوەکان و ڕێ خۆش کردن بۆ چوونیان بۆ سووریە و زۆر ڕووداوی گرێدراوی دیکە، ئاگاداری ھەموو ھەڵسووکەوتێکی تەکفیرییەکان بوون!!!

دەسپێکی داعش دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٠٦ و ڕێبەری ئەو کاتی ئەلقاعیدە لە عێراق و شەخسی ئەبو موسعەب ئەلزرقاوی و ژومارەیەک کەسی دیکە چەند مانگ بەر لە مردنی، دوابەدوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس و ھاتنی ئەمریکا \"ئەیمەن ئەلزەواھیری\" بە ناردنی چەندین نامە داوای ڕێکەوتنی ھێزە جیھادییەکان دەکات و \"القاعیدە\" ئاگاداری ھەموو ھەڵسووکەوتێکی ئەمریکایەکان دەبێت لە عێڕاق، ھاوکات کۆماری ئیسلامیش بە ھەبوونی دۆستایەتی نێزیک دەگەڵ بەشێک لە ڕێبەری ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان و ئاسانکاری بۆ ھاتووچۆی ھێزی جیھادی لە نێوان ئەفغانستان و عێڕاقدا وەک پردێکی گرنگ دەور دەگێڕێت و \"گلبدین حکمتیار\" سەرۆکی حیزبی ئیسلامی ئەفغانستان کە کەسایەتیەکی سوننی نزیک لە کۆماری ئیسلامی بوو، لە ژێر ناوی راھێنانی ئەندامانی سوننی دژ بە تاڵیبان، ئاسانکاری ڕاستەوخۆ دەکات کە کەسانی جیھادی لە گەڕەکی \"حەسارەکی\" شاری کەرەج و لە فێرگەی سەربازی سوپای قودس دا ھەموو ڕاھێنانێکی تیرۆریستی دەبینن و دواتر زۆر ئاسان دەگەنە عێڕاق. لە مانگی ئاوریلی ٢٠١٣ ڕێبەری ئێستای داعش واتە ئەبووبەکری بەغدادی کە وەک \"ابراھیم عواد علی البدر السامرائی، دکتور ابراھیم، ابو دعا\" ناوبانگی ھەیە، دەگەڵ زۆربەی ھێزە چەکدارە تەکفیرییەکان لە ڕێکەوتنێکەدا بە ناوی \"موتەییبین\" لە سەر چەند خاڵی وەک پێوەندی بەردەوام بە عەشایر و ناوچە سوننیەکانی عێڕاق، گەیشتن بە بیرە نەوتییەکان لە سووریە و عێڕاق، کات و شوێنی تەقینەوەکان و ...ھتد ڕێکدەکەون، بەڵام ئەبووبەکری بەغدادی و ڕێبەری بەرەی نووسرە کە ناسراوە بە \"ابو محمد جولانی\" لێیان دەبێتە کێشە و پاشان ئەیمەن ئەلزەواھیری بە ناردنی نامە بۆ ئەبووبەکر بەغدادی خوازیاری دانوستانی دووبارەی بەغدادی دەگەڵ بەرەی نووسرە دەبێت و بەغدادی ڕەتیدەکاتەوە، لەو کاتەوە ئەبووبەکەر بغدادی خۆی وەک خەلیفەی موسڵمانان دەناسێنێت و لە گوێڕایەڵی ئەلقاعدە دێتە دەر و گرووپە توندئاژووکانی دیکە تەکفیر دەکات، ھەر بۆیە تەنیا بەرەی نووسرە خۆی وەک نوێنەری ئەلقاعیدە دەناسێنێت لە سووریە.

لە ئێستادا گرووپی توندئاژۆی داعش بە فەرمانڕەوایی خەلیفە ئەبووبەکری بەغدادی لە ھەر یەک لە وەڵاتانی ئەفغانستان ،باشووری یەمەن، لیبی، ناوچەی سینا لە میسر، سۆمالی و بووکۆحەرام لە نیجریە جۆرێک ئینشعابی لە ناو ئەلقاعیدە درووست کردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ھێزتر دەبێت.

ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە نووسینەوەی پەیڕەو و پڕۆگڕامی خۆی کە لە ئەساسنامەیەکی ڕێکخراو و توند و تیژ پێک ھاتووە وەک، ئیدارە کردنی تانک و زرەپۆشەکان، بەشی ھاوردەکردنی جیھادی، بەشی ماڵی، بەشی فیتوا، و بەشی ئیستشھادی و ...ھتد، وێڕای ئەو ھەموو دەسکەوتەی بە ئانقەست لە لایەن ئەرتەشی عێڕاق و سووریەوە پێشکەشی کرا، دەگەڵ ھەر یەک لە وەڵاتانی سووریە و عێڕاق و ڕێکخراوەی تیرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان، ھێزە شیعەکانی عێڕاق، پارتی کرێکارانی کوردستان، پێشمەرگە، و بەرەی نووسرە و زۆر یەک لە گرووپە ئیسلامیەکانی دیکە شەڕ دەکات، تەنانەت بۆتە داھێنەری زۆر شتی سیر و سەمەر لە سووریە و عێڕاقدا و لەوانە جیھادی نیکاح و جیھادی لەوات...ھتد.

پرسیار لێرەدایە، چۆن ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کە بە وتەی خۆیان لە ئاسمان و زەوییەوە ئاسن و ئاگر بە سەریاندا دەبارێت دەتوانێت دەگەڵ ئەو ھەموو ھێزانەدا بەرەی شەڕ بکاتەوە و خۆی ڕاگرێت؟!!

ئەمریکا تا ئێستا پێی وایە داعش قازانجی زیاتر لە زەرەر بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەگرتووەکان و ڕۆژئاوا، چونکە دیھەوێت بە دیزە بە دەرخۆنەکردنی جینایاتی خۆی لە عێڕاق کە لە پاش ڕووخانی بەعس تا ئێستا یەک میلیۆن مرۆڤ کوژراوە لە ئاکامی سیاسەتی ھەڵەی واشینگتۆندا، پەردەیەک بە سەر ئاکارە خراپەکانی خۆیدا بکێشێت و بە زیندووکردنەوەی گرووپە تەکفیرییەکان و ساپۆرتی ناڕاستەوخۆ لە لایەن بەشێک لە وەڵاتانی عەڕەبی و تورکیەی ئیخوانی یەوە، زەمینە بۆ گۆڕانکارییە گەورەکە خۆش بکات.

بە باوەڕی من سیاسەت و ھەڵسووکەوتی ھێورانەی ئەمریکا لە بەرانبەر تیرۆریزمی ڕۆژانەی گرووپی ناسراو بە خیلافەتی ئیسلامی بەم چەند ھۆکارەیە کە بریتین لە:

یەکەم: لە ئێستادا ئەمریکا نایھەوێت جیھانی عەڕەبی سوننە زیاتر لە سنوورێکی دیاریکراو پێش بکەوێت نیسبەت بە جیھانی شیعە و لەمەڕ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھێزی ئیسلامییەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و پێشەوەچوونی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا.

دووھەم: زۆربوونی موسڵمانان لە وەڵاتانی ئورووپایی و ڕۆژئاوایی زیاد بوونی ناوەند و ڕێکخراوەی ئیسلامی و سەرمایەکانیان کە دەگاتە ١.٩ میلیارد دۆلار لە ساڵدا، ئەو بیرۆکەیەی خستە مێشکی ڕۆژئاواییەکان کە پێویستە ھەرچی زووتر موسڵمانان کۆنتڕۆل بکرێن و ئەو ھێز و پوتانسیەلی ئەوان مەترسی بۆ سەر ڕۆژئاوا ھەیە و ئەگەر لە شەڕێکدا خاو نکرێتەوە ئەوە لە ھێڵی سوور تێدەپەڕێت ، وەک دەشبینین زۆربەی جیھادییەکان لە وەڵاتانی وەک کەنەدا، فەڕەنسا، و بەریتانیا و وەڵاتانی دیکەی ڕۆژئاواوە دەگەنە لای داعش.

سێھەم: تێوەگلانی ئیسڕائیل وەک مانۆڕێکی سەربازی و لێدانی حیزبوڵڵای لوبنان، کاتێک داعش موشک ئاڕاستەی ئیسڕائیل دەکات بەڵام ئیسڕائل جار و بار گورزی سەربازی لە حیزبوڵڵا دەوەشێنێت، کەچی داعش بەر ھێرشی ئیسڕائیل ناکەوێت!!!

چوارەم: گرنگی وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا\"ھیلاری کلینتۆن\" کە گوتبووی ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی لە بڵاوبوونەوەی ئەلقاعیدە و لێدانیدا دەبینێتەوە\"!!!

دەبێ بایەخی بدرێتێ، مانەوەی جیھانی عەڕەب لە کوشت و کوشتاردا بە دڵنیایی لە قازانج و بەرژەوەندی ئەمریکا و ھاوپەیمانایدا دەبێت، وەک ئەمیری قەتەر دەڵێت\" \"زۆر سەیرە پارەی ئێمە بۆ گەورەکردنەوە و ھاوکاتیش بۆ چکۆلەکردنەوەی داعش و جیھادییەکان سەرف دەکرێت!!!

پێنجەم: ھاوکات کۆماری ئیسلامی و سێ گۆشەی شیعە دەیانھەوێت بە گەورەکردنەوەی داعش وەک نوێنەری ڕاستەقینەی سوننە، جێگە و پێگەی ئیسلامی سوننی لە لای ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان خراپ بکەن و مودێل و پەیکەرێکی نوێ لە ئیسلام ھەڵدەنەوە.

شەشەم: شۆڕشی خەڵکی سووریە دەکرا ھەر زۆر زوو بە لەناوبردنی بنەماڵەی ئەسەد لە لایەن وەڵاتانی ڕۆژئاواوە کۆتایی بەو ھەموو مرۆڤ کوژی و نەھامەتیە بھێنایە، بەڵام سەرھەڵدانی گرووپە توندئاژۆکانی وەک داعش و بەرەی نووسرەوە و گرووپی شیعەی وەک حەشدی شعبی و...ھتد، و لە ناو نەبردنیان لە لایەن ئامریکاوە وەک بۆمبێکی تەوقیت کراو وایە کە دەبێ لە کاتی خۆیدا و بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی جوگرافیایی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەڵکیان لی وەر بگیردرێت.

ئەم بابەتە روانگەی نووسەرەکەیەتی و ئاژانسی کوردپا لە ناوەڕۆکی بەرپرسیار نییە