تایبەت مەندیەکانی ‌هەڵبژاردن و پێگەی نەتەوە بندەستەکان لە هەمبەر ئەودا

15:19 - 3 جۆزەردان 2713
Unknown Author
ڕێبوار ئەحمەدزادە

ئێستا کە کاتی شانۆی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، نزیکتر بۆتەوە، هەراوهوریایەکی زۆری لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردن، و پاش و پێش کەوتنی پاڵێوراوەکان و تەنانەت کێشەگەلی پێشبڕکێی باڵەکانی دەسەڵات لە نێوان پاڵێوراوە بە ناو کۆنەپارێز و چاک سازی خوازەکانی، لێکەتۆتەوە. دیارە نەک بەهۆی هەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردنیان لە لایەن خەڵکەوە، بەڵکو لەسەرپەسند کردن یان نەکردنیان لە لایەن شورای نیگابان بۆ پاڵێوراوبونیان.

هەندێک کەس زۆر بە شێوەیەکی سەیروسەمەرەوە لە بارەی ئەو بەناو هەڵبژاردنەدا نووسیویانە کە گۆیا ئەگەر خاتەمی و یان تەنانەت ڕەفسنجانی بتوانێ لە لەمپەری شورای نیگابان بۆ پاڵاوتن دەربچن، ڕوداو و ئاڵ و گۆڕی چاوەڕوان نەکراو ڕو دەدات! بێ خەبەر لەوەی کە هەم خاتەمی و هەم ڕەفسنجانی (لە ئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیاندا) لە پێگەی سەرۆک کۆماریدا پاڵیان دایەوەو نەک هیچ کارێکی باش و چاک سازیەکی ئەوتۆیان ئەنجام نەدا بەڵکو هەر دوکیان هەر کامە و بە نۆبەی خۆی جێگە و پێگەی کۆماری ئیسلامی یان لە ناوخۆ و دەرەوە قورس و قایم وقۆڵتر کرد.

 بە بۆچونی زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکان، و تەنانەت لە ڕوانگەی چالاکانی جوڵانەوەی ڕامیاریی کۆمەڵگای فارسیش لە ئێران، هەڵبژاردنی خاتەمی بۆ سەرۆک کۆماری هیچ پەیوەندیەکی بە ئیرادە و ئاستی زانیاری خەڵکەوە نەبو، بەڵکو هەڵبژاردنی خاتەمی چاکسازیی خوازیش، لەسەر بنەمای میکانیزمی “بە ئەندازیاری کردنی هەڵبژاردن” لە کۆماری ئیسلامیدا پێش وەچووە. بۆچی؟ چونکە پاڵێوراوی پشتیوانی لێکراوی ڕێبەری ڕژێم، ئایەتوڵڵا نوری بوو.

(هیوادارم لێرەدا هەڵە نەکرێ لەوەی کە دەڵێم پاڵێوراوی پشتیوانی لێکراوی ڕێبەری ڕژێم ئایەتوڵڵا نوری بو، مەبەست ئەوە نیە کە بە پێچەوانەی ویستی ئەو بووە، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەو بە ئەندازیاریی کردنەی هەڵبژاردن کە باسم لێکرد لەژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی ڕێبەریدایە و ئەوەی کە پشتیوانی لە پاڵێوراوێک دەکا کە مەبەستی ئەو ئەندازیاریەی هەڵبژاردن نیە، تەنها و تەنها بۆ سەر لێشێواندن و هێنانی خەڵکانی زیاترە بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان).

بەڵام لە ناکاو دیتمان هەمان ئەندازیاریی ناسراوی هەڵبژاردن، مەحەممەد خاتەمی چاکسازی خوازی لە سندوقەکانی دەنگ دان هێنا دەروە! و ئەوەش هەراوهوریای زۆری لەمەڕ سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن و یان ئاگاهی خەڵک لە هەڵبژاردن و ئەو شتانەی لێ کەوتەوە. بەڵام بە کەمێک تێڕوانین لە ڕەوتی ئەو هەڵبژاردنە لە ساڵانی دواییدا نیشانەو هێمای کار و دەست تێوەردانی هەمان ئەندازیاریی هەڵبژاردن بە ڕونی دەبینرێت.

پرسیار ئەوەیە کە، ئەگەر بەڕاستی ئیرادەی خەڵک ئاکامی سندوقەکانی دەنگدانی دیاری کردبا، دوای دو دەورە سەرۆک کۆماری خاتەمی، دەبوایە کەسێکی چاکسازی خوازتر لە خاتەمی لە سندوقەکانی دەنگدان هاتبا دەرەوە و پڕۆژەی چاکسازی خوازی لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک بەردەوام بوایە.

بەڵام لە ناکاو دیتمان کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دوای مەحەممەد خاتەمی، لە جێگای هەڵبژاردنی کەسایەتیەکی دیکەی چاکسازیی خواز، مۆرەیەکی یەک جار دواکەوتوی وەک مەحمودی ئەحمەدی نەژاد سەری لە سندوقەکانی دەنگدان هێنا دەرەوە. لە ڕوی ڕێکەوت لەو دەورەیەشدا مەحمودی ئەحمەدی نەژاد(ڕێک وەک دەورەی یەکەمی خاتەمی) چاوەڕوان نەکراوترین کەسێک بو کە ئەندازیاری هەڵبژرادن لە کۆماری ئیسلامیدا بە ناوی ئەو فاڵی گرتبۆوە.

هەروەک لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٣٨٨یشدا، لەگەڵ ئەوەیدا کە میرحوسێن موسوی (کۆنەپارێزی چاکسازی خواز) دەنگەکانی بۆخۆی دەستەبەرکرد، بەڵام ئەندازیارانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری سەرلەنوێ بەرژەوەندیان لە ناوی مەحمودی ئەحمەدی نژاددا بەدی کرد و بەو هۆیەشەوە ناوی ئەویان(دوبارە چاوەڕوان نەکراوترین و دور لە چاوەڕوانی) وەک براوەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند.

ئەوەش بو بە هۆی سەرهەڵدانی گێرەوکێشە پێش بینی نەکراوەکانی دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٨٨ و شەڕی دەسەڵاتی نێوان باڵەکانی کۆماری ئیسلامی و قەیرانێکی سیاسی جێگای تيڕامانی لە ناوەندی ئێران هێنا ئاراوە.

بەڵام بەناو ڕێبەرانی ئەو قەیرانە سیاسیەی (موسەوی و کەڕوبی) کە بە بزوتنەوەی سەوز ناسرا، بە هۆی باوەڕمەندبونیان بە کۆماری ئیسلامی و یاسا بنەڕەتیەکەیی و لە هەمان کاتیشدا بە هۆی ڕوانینی نا دێموکراتیانەی ئەو ڕێبەرانە بۆ مافەکانی نەتەوە ژێردەستەکان (کە بە کردەوە بو بە هۆی بەشداری نەکردنیان لەو بزوتنەوەیەدا)، هەم هەلی کەڵک وەرگرتن لەو قەیرانە سیاسیە بۆ ئاڵ و گۆڕی لە دەست چوو هەمیش پێگەی سیاسی خودی ئەوانیش بە هۆی هاتنە ناو شەڕی دەسەڵات، بە فیڕۆ چوو.

دەرەنجام و ئاکام ئەوەیە کە، بەڵگە و ڕوداوەکان ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تایبەت بە سەرۆک کۆماری لە دەورە جیاجیاکانی کۆماری ئیسلامیدا ئەندازیاری کراوە.

ئەو ئەندازیاریە لە سەردەمی خومەینیدا بە هۆی دەسەڵاتی ڕەشی ئەو بەسەر نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نەهاتە ناو میدیاکانەوە، بەڵام دوای هاتنە سەرکاری سەیید عەلی خامەنەیی، و نەبونی دەسەڵاتی پێویست لە ناو نیزامدا، ئەو ئەندازیاریە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بە تایبەتی لە یەکەمین دەورەی هەڵبژاردنی ئەحمەدی نژاد دا بو بە جێگای باسی میدیاکان.

بێ خەبەر لەوەی کە هاتنەدەری ناوی خودی مەحەممەد خاتەمی(چاکسازیی خواز)لە سندوقەکانی دەنگدان بە هۆی نیازمەندبونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە مانەوە و بەردەوام بون لە ئاستی ناوخۆیی و نێونەتەوەییدا، بە جۆرێکی دیکە(بەڵام کەمێک ئاڵۆزتر) کاری هەمان ئەندازیاری هەڵبژاردن لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بو.

کەوابو ئەگەر هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەر لە سەرەتاوە بە ئەندازیاریی کرابێت، و ڕێبەری نیزام هەر کەس بە باش بزانێ ئەو لە سندوقەکانی دەنگدان دێتە دەرەوە، ئیدی باسی بەشداری کردن یان نەکردن لە هەڵبژاردن یان باس لە بارەی باش و خراپ بونی پاڵێوراوەکان چ واتایەکی هەیە؟

 پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە، پێگەی نەتەوە ژێردەستەکان لە هەمبەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا دەتوانێ چی بێت؟  لە ڕوانگەی نەتەوەی فارس لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ڕژیمێکە بە تایبەتمەندیی خۆسەپێنی ڕامیاری،ئایینی و چینایەتیی. بەڵام بۆ نەتەوە نافارسەکان، جگە لەو تایبەتمەندیانە، کۆماری ئیسلامی لە دو ڕوانگەی دیکەشەوە جێگای ڕەخنەیە.

یەکەم: پێکهاتەی نەتەوەیی و ئیتنیکی دەوڵەتی ئێران فارسییەو چینی ئایینی و ئاخوندی کۆمەڵگای فارس (بەوتایبەتمەدندیەی کە لەسەرەوە باسمان کرد) دەسەڵاتی ڕامیاری لە دەست دایە. (هەڵە نەکرێت، من ناڵێم دەوڵەتی فارس،بەڵکو دەڵێم دەوڵەتی فارسی یە\"لە بواری ئیتنیکی\"، وەک دەوڵەتی عەرەبی ئۆردۆن یان سوریە و...).

بە واتایەکی ڕونتر، دەوڵەتی ئێران لە بواری تایبەتمەندی نەتەوەیی و ئیتنیکی، مێژوویی، زمانی و تەنانەت سەرزەمینی(فارس یان فارسستان) دەوڵەتێکی بە تەواوی واتا فارسی یە. و هەر بەو هۆیەشەوە ئەو دەوڵەتە نەک پەیوەندی عاتفی بە نەتەوەکانی بندەستی ئێرانی ئێستا(کورد،تورک،بلوچ،عەرەب،تورکەمەن و...)ەوە نیە، بەڵکو دەوڵەتێکە کە بە ئاقاری لە ناوبردنی نەتەوە ژێردەستەکان چ لە لایەنی زمانی و چ لە لایەنی ڕامیاری و ئابوریدا دەڕوات.

کەوابوو لە گۆشە نیگای پێکهاتە و هەیکەلی ئیتنیکی فارسیی دەوڵەتی ئێران، بەشداری کردنی نەتەوە ژێردەستەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەو دەوڵەتەدا، تەنانەت لە باشترین حاڵەتدا، قایم و قۆڵ کردنی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەی زاڵ بەسەر نەتەوە ژێردەست و یان بە واتایەکی دیکە قایم و قۆڵ کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتێکی داگیرکەرە بەسەر وڵاتی دایکیی نەتەوە ژێردەستەکان (کوردستان،ئازەربایجان،بەلوچستان،الاحواز،تورکەمەن سەحرا و...) لەو وڵاتەدایە.
دوهەم: تایبەتمەندی داگیرکاری دەوڵەتی ئێران(دەورەی پاشایی پەهلەویەکان و ئێستاش کۆماری ئیسلامی) لە ڕوانین و ڕەفتاردا دژی نەتەوە ژێردەستەکانە لە ئێران. دەوڵەتی ئێران لەسەر بنەمای ئەوەی کە لە بەندی یەکەمدا ڕونم کردەوە،لە بواری پێکهاتەی هزری و ئیتنیکی لە لایەک و هەڵس و کەوتی ئەو دەوڵەتە لە هەشتا و چەند ساڵی ڕابردو لە لایەکی دیکەوە، لە بواری بە فارس کردنی وڵات و تواندنەوەی زمانەکان و فەرهەنگی نەتەوە نا فارسەکان لە زمان و فەرهەنگی فارسیدا هەنگاوی هەڵێناوەتەوە.

ئەو دەوڵەتە تەنانەت لە درێژەی تەواوی ئەو ساڵانەدا گەورەترین ڕێگری کردوە لە گەشە و هەڵکشانی ئابوری لە ناوچە نەتەوە نا فارسەکانی ژێردەستی ئێران. ئەگەر بە وردی سەرنجی پێکهاتەی ئیتنیکی و نەتەوەیی و هەڵس و کەوتی ڕامیاری ئابوری ئەو دەوڵەتە بدەیین، دەوڵەتێکی بە تەواو واتا داگیرکەر لە پێوانەی ناوخۆییدایە، کە لە ئەدەبیاتی ڕامیاریدا ئەوە بە(داگیرکاری ناوخۆیی) پێناسە دەکرێ.

بەشداری کردنی نەتەوە بەش خورا و داگیرکراوە نا فارسەکان لە هەڵبژاردنی دەوڵەتێکی داگیرکەر(ئێران) کە پشتی بە تواندنەوەو لە ناوبردنی ڕامیاری،ئابوری و فەرهەنگی ئەوان بەستووە، لەگەڵ کام هزر و عەقڵ و مەنتقەدا سازگارە؟

نەتەوە نا فارسەکان هەرگیز نابێ بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکەن کە لەوێدا ڕەوایی و مەشڕوعیەت دەدرێ بە دەوڵەتێکی داگیرکار لە لایەک و تایبەتمەندیە ملهوڕانیەکەی (ڕامیاری،ئایینی و چینایەتی) لە لایەکی دیکەوە. کەوابو جێ و شوێنی ستراتیژی نەتەوە نا فارسەکان بۆ بەشداری کردن یان نەکردن لە هەڵبژاردنێک کە دەوڵەتی ئێران بە پێکهاتەی ئێستا ی بەڕێوەی دەبا، تەواو ڕون و ئاشکرایە.

وڵامی ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە بۆ نەتەوە نا فارسەکان تا کاتی هەبونی دەوڵەتێکی ملهوڕ (لە جۆری ڕامیاری،ئایینی و چینایەتی) و یان بەردەوام بونی تایبەتمەندیەکانی دەوڵەتێکی داگیرکار، کوتنی \"نا\" یەکە بە گەورەیی ژمارەی تەوای نەتەوە نا فارسەکانی ژێر دەستی ئێران.

بەرزترین و ڕەواترین هەڵبژاردن بۆ نەتەوە نا فارسەکان کە هەم لە لایەنی ڕامیاری و هەمیش لە لایەن مافییەوە پێویستە، بەشداری کردنە لە ڕێفراندۆمێکی ئازاد بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆ نووسین.
 
بۆ نەتەوە ژێردەست و نافارسەکان لە ئێرانی ئەمڕۆدا بەشداری نەکردنی هەمەلایەنە لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا پێویستە. ئەو بەشداری نەکردنە تا هەبونی دەوڵەتێکی ملهوڕ و داگیرکەر لە لایەک و تا کاتی دەرفەت ڕەخساندن بۆ بەڕێوەچونی ڕێفراندۆمێکی ئازاد بۆ دیاری کردنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ نەتەوەکان لە لایەکی دیکەوە دەبێ درێژەی هەبێت.

شایانی باسە کە جیاوازی دانان و یان بارودۆخی جیاواز بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە مەبەستی ئامانجگەلی دیار بۆ بەشێک لە بەرژەوەندیەکانی نەتەوەی ژێر دەست، ڕێوشوێنی سەرەکی ئەو ڕەوتە تێکنادا.
 
جیاوازی دانانی دواتر، کەڵک وەرگرتنە لە کەلێنی نێوان بۆچونەکانی پاڵێوراوەکانی سەرۆک کۆماری و کرانەوەی کەش و هەوا بۆ باس وخواس و بەشداری کردنی چالاکانە بە مەبەستی تیشک خستنە سەرو لە قاودانی تایبەتمەندیە دژە گەلیەکانی ڕژێم و کارکردن بۆ پەرەپێدان بە دژایەتی کردنی خەڵک لەگەڵ دەوڵەتی ملهوڕ و داگیرکەری دەسەڵاتدار.