بەشار ئەسەد دەڵێ. گوێتان لێ دەگرم بەڵام بە قسەتان ناکەم

13:05 - 18 بەفرانبار 2712
Unknown Author
سمکۆ بێکەس

لە پەراوێزی وتارە گاڵتە جاڕەکەی بەشار ئەسەددا، بەشار ئەسەد دەڵێ گوێتان لێ دەگرم بەڵام بە قسەتان ناکەم، ئەم رستە راست ناوەرۆکی هەموو وتارەکەی ئەسەد بوو. پاش ماوەیەک بێدەنگی لە خوێن رشتنی خەڵکی وڵاتی سوریا کە بە بڵاو کراوەی نەتەویەکگرتووەکان زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس کوژارون و سەدان هەزار کەس بریندار و ئاوارە بوون، ئەمرۆ ٦.١.٢٠١٣ پاش بێدەنگییەکی زۆر و دوایی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر هەرا و هوریا کردن کە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریە وتارێکی گرینگ بۆ چارەسەری کێشەی ئیستای سووریە بڵاو دەکاتەوە ئەمرۆ لە کوشکی ”ئوپیرا” بەشار ئەسەدی لاواز لە جەستە و دەسەڵات هاتە ناو لایەنگرانی خۆیی و دەستی کرد بە وتارەکەی بە ناوی چارەسەری قەیرانی ئێستای سوریا کە بەراستی نەک هیچی تازەیی تێدا نەبوو بەڵکو گاڵتە کردن بوو بە عەقڵی خەڵک و وڵاتان و هەر ئەو قسانەی دووبارە کردەوە کە پێشتر دەی وت، بەڵام بە شێوەیەکی تر، دەنا هیچ شتێکی تازەی بۆ خەڵکی راپەڕیو و تینوی ئازادی تیدا نەبوو.

بۆیە گەل دەبیت زۆر وریا بێت و ئەمە تەنیا بە هویی فشاری دەست و پێوەندییەکانی دەسەڵاتی ئەسەد و دەوڵەتانی ئێران و روسیەیە کە بە زۆر بەشار دێننە بەر چاوی خەڵک و وەک بوکەڵەیەکی بێ گیان وتاری پێ دەدەن.

دەیانهەوێ هەر چون بێت دەسەڵات و حکومەتەکەی ئەسەد لە بەرژەوەندی خۆیان بە کاربێنن، دەنا رۆژ لە گەڵ رۆژ نائومێدی لە رژیمەکەی ئەسەد لە زیاد بوون دایە و تەنانەت زۆرێک لە مورەکانی ناو دەسەڵاتی ئاخوندی و و رووسیەش ئەم راستییەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئیتر رژیمی ئەسەد لە سەرو بەندی لە ناو چوون دایە و روخانەکەی تەنیا بەستراوەتەوە بە کاتەوە دەنا مسۆگەرە.

لە لایەکی ترەوە ئاڵای وڵاتی سوریا لە پشت ئەسەدەوە بە وێنەی بەشێک لەو کوژراوانە نەخشێنرا بوو کە دەست و پێوەندی دەسەڵات بوون و لەم ماوەدا کوژراون سەیر لەوەدایە تۆ بڵێی ئەسەد چاوی بەم وێنانە نەکەوتبێ کە تەنیا لە بەر بریارێکی هەڵە خوێنی ئەم هەموو ئینسانە رژاوە، تۆ بڵێی دەسەڵات و کورسی ئەوەندە خۆشەویست بێت کە خوێن بەهای هەزاران ئینسان بێت، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر گەلی سووریە یەک دەنگ و یەک رەنگ و یەک بروا بڵین بەسە و ئیتر تەنیا رێگا ئەوەیە کە ئەسەد دەبێ بڕوا، باشتر وایە دەوڵەتانی وەک روسیە و ئیرانیش چیدیکە پشت بە رژیمە لەرزۆکەکەی ئەسەد نەبەستن و پشت لە گەلی راپەڕیوی سوریە نەکەن تا لەوە زیاتر خوێنی خەڵکی بێ تاوان نەرژێ چونکە سەرکەوتنی گەل حەتمی یەو روو رەشی تەنیا بۆ دەسەڵات دارنی رژیمەکەی ئەسەد و هاوپەیمانە شەرئەنگێز و سەرشورەکانی یەتی.

وتاری وەک ئەمرۆی ئەسەد ئیتر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دابەزینی ورەی پۆلائینی خەڵکی راپەریو و شۆڕشگێری سووریە دانانێ و واز لە ئامانج و ئاواتەکانیان کە رۆخانی رژیمەکەی ئەسەد و هێنانە دی حکومەتێکی گەلی یە ناهێنن و گەل لە سەر ترۆپکی رزگاری دایە و دەسەڵاتی ئەسەد لە کوتایی ریگە دایە. ئەم جۆرە وتارانەش ئیتر هیچ بایەخێکی نە لە سوریە و نە لە دەرەوەی سووریە نیە. چونکە رژیمی ئەسەد متمانەی مانەوەی دەسەڵاتی لە دەست داوە و بە رژێمێکی کۆمەڵ کوژ و تاوانبار دێتە ئەژمار.