بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە کامیاران بە ٣ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

دادگای ئینقلابی سنە سێ ساڵ زیندانیی بەسەر "سیروان ئیبراهیمی"، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە شاری کامیاران سەپاند.

دادگای ئینقلابی سنە ئەو مامۆستایەی زمانی کوردیی بە "ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام و هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" تاوانبار کردووە.

بەرپرسی لقی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی "نۆژین" لە کامیاران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.