بێ هەڵوێستی لایەنە ئیسلامیەکان لە هەمبەر فەرمانی جیهاد بە دژی گەلی کورد!

14:05 - 3 گەلاوێژ 2713
Unknown Author
ڕێبوار ئەحمەدزادە

لایەنە ئیسلامی و مەلا و چالاکوانانی ئایینی ئیسلام لە هەمبەر بچووکترین کردار لەهەر جێگایەکی ئەم جیهانە بێت، ئەگەر پێیان وابێ لە دەرەوەی بازنەی ئایدۆلۆژیای خۆیانە بە توندترین شێوە هەڵوێست دەگرن و بەهەر جۆرێک کە لە دەستیان بێت دژ کردەوە نیشان دەدەن و فەتواو و فەرمانی سەیروسەمەرە دەدەنە دەرەوەو تەنانەت ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکانیشی بۆ حەڵاڵ دەکەن.

بینیمان کە بۆ کوژرانی چەند فەلەستینی زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەو لایەنانە بارانی فرمێسکیان هەڵڕشت و دەستی پاڕانەوەیان بۆ ئاسمان بەرز کردەوە و هاوخەمی و هاودەردی خۆیان ڕاگەیاند و میدیاکانیشیان کردبویانە بنێشتە خۆشکەی سەرزار و ئەوەندەی هەبوو دە ئەوەندەی دیکەشیان خستە سەری و هەستی خەڵکیان پێ دەجوڵاند.( دیارە مەبەستی من لێرەدا بێ ڕێزی کردن بە گەلی فەلەستین نیە و وەک مرۆڤێکی کورد ڕێز دەگرم لە مافی هەر مرۆڤێک لەهەر جێگایەکی ئەم جیهانە بێت و خۆم بە بەشداری خۆشی و ناخۆشیەکانیان دەزانم).

بۆ ئیدانەکردنی خانمە گۆرانی بێژێک چونە سەر مینبەری مزگەوتەکان و دەستیان کرد بە هات و هاوار و خەڵکانی لایەنگری ئەویان بە توندی شەرمەزار و ئیدانە کرد، وەک ئەوەی تاوانێکی زۆر گەورەیان ئەنجام دابێ.

لە پێناو نووسینی بابەتێک کە کەسێک لە دەرەوەی وڵات نووسیبوی و لە ڕۆژنامەیەکی ناوخۆدا بڵاو بۆوە، هێرشیان کردە سەر پارلەمانی کوردستان و ڕق و کینەی خۆیان بەسەر دارودرەختی بەر پارلەماندا ڕشت و لە ڕیشەوە هەڵیان کەندن و هەوڵی چونە ناو پارلەمانیشیاندا بەڵام ڕێگیریان لێکرا.

لەسەر نووسینی چەند دێڕ شێعر فەتوای کوشتن و لە ملدانی شاعیرەکەیان دەرکرد و بە خەڵکیان کوت لەهەر جێگایەک بەردەستتان کەوت پێویست بە فەتوا ناکات و ملی بپەڕێنن.

نووسینی کتێبێک، خەووخۆراکی لێ هەڵگرتن و تەنانەت بۆ ئیدانە کردنیی، ڕژانە سەرشەقام و داوای سزادانی نووسەرەکەیان کرد.

لەسەر وتنی چەند وشەیەک لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بەزم و هەڵڵایەکی زۆریان نایەوەو ڕۆژانە لە بڵندگۆی مزگەوتەکان و میدیاکانیانەوە پڕ بە گەروویان دەیان نەڕاند وەک ئەوەی ئاخیر زەمان هاتبێ.

لەسەر کێشانەوەی چەند کاریکاتۆر و فیلم دروستکردنێک خوێنیان وەجۆش هات و شەو و ڕۆژ لە هەر ڕێگایەک کە لەبەر دەستیان دابو بۆ ئیدانە کردن و هاندانی خەڵک بۆ دژکردەوە نیشاندان درێغیان نەکرد و دەیان بڵاڤۆک و بەیاننامەیان لەسەری دەرکرد.

بەهۆی لەسەرکار لادانی موحەممەد موردسی، کێچ کەوتە کەوڵیان و هەر لایەنە لە جێگای خۆی بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ئیدانە و مەحکومیان کرد و دەیان بەرنامە و بابەتی تەلەفزیۆنیان بۆ تەرخانکرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەرۆشی و پشتگیری خۆیان دەردەبڕن و هەرچی لە دەستیان بێت لەو پێناوەدا ئەنجامی دەدەن.

گومان لەوە دانیە کە لە ئاست نووسینی ئەو چەند دێڕەی منیشدا هەڵوێست دەگرن و پێیان وایە کوفرم کردوە و لە جێگای ئەوەی کە زۆر ژیرانە بیخوێننەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەن، هەزاران قسە و قسەڵۆکی ناڕەوا و بێ بنەمام پێ دەڵێن و بۆم هەڵدەبەستن.

چونکە پێ یان وایە دوژمنایەتی کردن و هەڵوێست گرتن لە دژی کەسانێک کە بە شێوەیەکی زانستیانە ڕەخنە دەگرن یان گلەییان هەیە، خێر و پاداشتی هەیە و خواوەند لەو ڕێگایەوە لە پۆخڵەواتەکانیان دەبورێ.

ئەوانە و دەیان شتی دیکەی لەو بابەتە کە کوژرانی منداڵێکی برا عەرەبە موسوڵمانەکان بێت، بە جۆرێک کاریگەری دەخاتە سەر ئەو لایەنانە کە خوێنی خەڵکی ساویلکە و دڵپاکی پێ وەجۆش دێنن و ڕەوانەی ئەو جێگایانەیان دەکەن بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە و خۆشیان شەو و ڕۆژ لەسەر یەک دادەنێن بۆ مەحکوم و ئیدانە کردنی.

لێرەدا باس کردن لەسەر باش یان ناڕەوا بوونی ئەو هەڵوێستانە ناکەم، تەنها دەمهەوێ هەڵسەنگاندنێک بکەم لەسەر هەڵوێستی ئەو لایەنانە کە بۆ کورد و نا کورد هەیانە.

بە داخەوە هەروەک تا ئێستا دەیبینین ئەو خۆ گرژ کردن و هەڵچونانە پشکی خوشک و برا کوردە موسوڵمانەکانیانی تێدا نیە و لە پێناو گەورەترین جینایەتدا کە بەسەر گەلی کورددا بێت دەنگیان لێ دەرنایەت و دەڵێی نە بای هاتوە نە باران.

خومەینی گۆڕبەگۆڕ فەتوای جیهادی بە دژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرکرد و کوردستانیان کردە گۆڕستان کەچی نەمان بینی لایەنێکی ئیسلامی بە فەرمی ئیدانە و مەحکومی بکات و هەمویان بێ هەڵوێست بون.

سەددام حوسێنی دیکتاتۆر لە یەک چرکەدا ٥٠٠٠هەزار کوردی شەهید کرد و لە ژێر ناوی ئەنفالدا ١٨٢٠٠٠هەزار کوردی ئەنفال کرد. چەند ڕۆژ دوای ئەوە کۆبونەوەی ساڵانەی وڵاتانی ئیسلامی بو، بەڵام هەروەک بینیمان تەنانەت بۆ یەک چرکەش باسی ئەو ڕوداوە تاڵەیان نەکرد و چاو و گوێی خۆیانیان لە ئاستیدا کوێر و کەڕ کرد. تەنانەت ئێستا هەندێک لەو لایەنە ئیسلامیانە سەددامی ملهوڕ وەک موجاهید ناو دەبەن.

ڕژێمە یەک لە دوای یەکە کورد کوژەکانی تورکیا دەیان و بگرە سەدان هەزار کوردیان قەتڵ و عام کردوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر خوێنی کورد بە ناهەق دەڕێژن کەچی ئەو لایەنانە لەو ئاستەدا گوێی خۆیان ئاخنیوەو چاوی خۆیان داپۆشیوە و نەک لە دژی ناوەستنەوە، تەنانەت هەندێک جار هاوسۆزی و برایەتی خۆشیان بۆ حکومەتە کورد کوژەکەی ئەردۆغان نیشان دەدەن و پشتیوانی لێ دەکەن.

وا ئێستا لەو چەند ڕۆژەی ڕابردودا هەمومان گوێ بیست و بینەری فەتوای جیهادی چەند لایەنی ئیسلامی بە دژی گەلی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بوین و سەر و ماڵ ژن و منداڵی ئەوانیان بە غەنیمەت و حەڵاڵ زانی.

کەچی مەخابن وەک پیشەی هەمیشەییان ئەو لایەنانە لە ئاست بینینی ئازار و مەینەتیەکانی گەلی کورددا کەڕ و کوێرن و لە جێگای ئەوەی کە مەحکوم و ئیدانەی بکەن بە داخەوە دەبینین کە گەنجی کورد هەڵدەخڵەتێنن و ڕەوانەی بەرەی دژە کوردی دەکەن.

باشە بۆ کاتێک ڕەخنەیان لێ دەگرن کە ئایینی ئیسلام مرۆڤ کوژە دەست بە جێ دەکەونە وڵامدانەوە ودەڵێن وانیە و خوا فەرمویەتی : هەرکەسێک مرۆڤێک بکوژێت وەک ئەوە وایە کە تەواوی مرۆڤایەتی کوشتبێ و هەر کەسێکیش ببێتە هۆکاری زیندو مانەوەی مرۆڤێک وەک ئەوە وایە تەواوی مرۆڤایەتی زیندوو کردبێتەوە.

یان دەڵێن پێغەمبەر فەمویەتی: ماڵ و خوێنی موسوڵمان بۆ موسوڵمان حەرام و ڕێگا پێ نەدراوە.
مەگەر مرۆڤی کوردیان پێ مرۆڤ نیە؟! مەگەر گەلی کورد بە موسوڵمان نازانن؟!

باشە ئەی بۆ نایەنە دەنگ و لە پێناو کوشتنی مرۆڤی کورددا هەڵوێست ناگرن؟ بۆ بکوژانی مرۆڤی کورد بە تاوانبار نازانن و لە دژیان ڕاناوەستن؟!

ئەی باشە بۆ کاتێک بە پێویستی دەزانن دەنگتان هەڵدەبڕن و دەڵێن گەلی کورد ٩٩%ی موسوڵمانە؟! ئەو بانێک و دو هەوایە یانی چی؟! مەگەر خۆیان ناڵێن نابێ مرۆڤی موسوڵمان درۆ بکات؟!

بۆ بە برا موسوڵمانەکان ناڵێن خەڵکی کورد موسوڵمانە و نابێ هێرش بکەنە سەر وڵاتەکەیان و خوێن و ماڵی ئەوان بۆ ئێوە حەرام و ڕێگا پێ نەدراوە؟!

باشە بۆ فەرمان و فەتوای جیهاد دەرناکەن بۆ کەسانی داگیرکەر و پەلاماردەر؟ مەگەر هەر خۆیان ناڵێن داکۆکی کردن لە وڵات لە کاتێکدا کە پەلامار بدرێ، وەک نوێژ و ڕۆژو واجبە؟!

خۆ هەموو لایەک باش دەزانێ کە گەلی کورد لەسەر زێدی باب و باپیرانی خۆیەتی و پەنجەی بۆ مافی کەس درێژ نەکردوە بەڵکو بە پێچەوانە دەست درێژی کەرەکان ئەو کەس و لایەنانەن کە ڕشتنی خوێنی کورد بە جیهاد و حەڵاڵ دەزانن.

نەکا پاساو بۆ خۆیان بێننەوە و بڵێن دەسەڵات بەدەستە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان عەلمانین بۆیە ئەو فەتوایە دروستە و بێ دەنگیان هەڵبژاردووە؟!

باشە ئەگەر وایە ئەی بۆ بە برا عەرەبە موسوڵمانەکان ناڵێن بچن لە وڵاتی خۆیان جیهاد بکەن؟ مەگەر دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئەوان زۆربەیان عەلمانی نین؟!

باشە ئەو شتەی ئەوان پێی دەڵێن فەساد و بێ بەندوباری لە وڵاتە عەرەبیەکاندا زۆرترە یان لە کوردستاندا؟!!!

بەڵام وا دیارە ئەو حوکم و فەتوایانە تەنها لە دژی کورد ئیشیان پێ دەکرێ و خەریکە ناڕاستەوخۆ بە گەلی کورد دەڵێن کە ئەو خودایەی ئەوان دەیپەرستن خوای کورد نیە و لەگەڵ کوردا دوژمنە و ئەگەر کورد هەزار ئەوەندەی دیکەش خزمەت بە ئایینەکەی بکات هەر وەک چۆن تا ئەوڕۆ کردویەتی، هەمووی بێ سوودە و لێی وەرناگیرێ و بۆی دەبێتە مایەی کوشتن و بڕین و ماڵ وێرانی.

ئەگەر وانەبوایە دەبوو هیچ نەبا ئەگەر بۆ جارێکیش بێ پێچەوانەی ئەوەمان بینیبا.