بۆ كەسایەتی، حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردی بەشدار لە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد

13:46 - 3 گەلاوێژ 2713
Unknown Author
نەوید کەرەمی

چارەسەری پرسی كورد لە چوارپارچەی كوردستاندا
لە هەر قۆناغێكی زەمەنیدا شێوەو مێتۆدی خەبات بۆ وەدەستهێنانی ماف و داخوازە رەواكانی خەڵک لە لایەن ئەحزابی سیاسی‌ بە پێی سیاسەت و هەڵسوكەوتی دەسەڵاتی حاكم لەو وڵاتەو چۆنییەتی تێڕوانین و بەرخورد كردنی لەگەڵ ئەو داخوازییانە دیاری دەكرێ‌و هاوکات هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە چۆنییەتی و چەندایەتی بەرەوپێشچوونی ئەو خەباتە كاریگەر دەبن.

كوردستان كە بەسەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، توركییەو سووریەدا دابەشكراوە، هەر پارچە خاوەن جووڵانەوەو مێــژووی تایبەت بە خۆیەتی و بە پێی هەڵسوكەوت و تێڕوانینی دەسەڵاتەكانی حاكم بەسەر هەر پارچە لە كوردستان پرسی كورد لە رووی ئاستی چارەسەری جیاوازی تێدایەو لە یەک ئاستدا نیە.

وەك دەبینین لە باشووری كوردستان ئێستا دەسەڵاتێكی كوردی حاكمییەت دەكات و كرانەوەیەكی یەكجار زۆر بە نیسبەت دێمۆكراسی و پرسی نەتەوەیی لە ئارادایە.

لە باكوور پاش ئەو هەموو خەبات و تێكۆشانانەی رۆڵەكانی كورد چ لە شاخ و چ لە سەر شەقامەكان و چ لە پارلەمانەكانی تووركیەدا ئێستا پرسی كورد گەیشتۆتە قۆناغی وتووێژ و هەوڵی تەعاموڵ و چارەسەری دەدرێت، كە بارودۆخی سیاسی تووركیە لە جیهان و یاساو سیاسەتەكانی ئەو وڵاتە بە نیسبەت پرسە ناوخۆییەكان كاریگەری یەكجار زۆریان هەیە.

لەو توركیەدا بەهۆی یاسای نیمچە دێمۆكراسی و هەوڵ و داخوازەكانی بۆ پەیوەستبوون بە یەكیەتی ئۆرووپا، دەرەتانی پێكهێنانی حیزبی سیاسی و خەباتی مەدەنی و پارلەمانی بە مەبەستی چارەسەری مەسەلەی كورد بوونی هەیە، بۆیە خەباتی چەكداری لەو شێوەیە كە پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیە (P.K.K) بەڕێوەی بردووە گونجاوی ئەو وڵاتە نەبووە، بەڵكوو بەو هۆكارانەی كە باس كران لەو وڵاتە دەرەتانی چارەسەری مەسەلەی كورد لە رێگای خەباتی سیاسی و مەدەنی بوونی هەیەو دەكرێ‌ لەو رێگایەوە بە ئاكامێكی باش بگات.

لە كوردستانی سووریە كورد بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، دەڕوات دەسەڵاتێكی دێمۆكراتیک بۆخۆی پێک بێنێت، ئەگەرچی هەندێ‌ لایەن هەوڵی ئەوە دەدەن تا دەست بەسەر ئەو دەستكەوتانە بگرن و ئەو دەستكەوتانە بە سڕینەوە و پەراوێز خستنی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان بە ناو خۆیەوە تۆمار بكات، كە پێویستە كەسایەتیەكانی كورد لەو كۆنگرەیەدا لەقاوی ئەو سیاسەتانە بدەن و هەرجۆرە هەوڵێكی لەو شێوەیە لەلایەن هەر حیزب و لایەنێكەوە مەحكووم بكەن و بە كردەوەش پێشی پێ بگیردرێت.

بەڵام كوردستانی ئێران بەهۆی سیستەمی تۆتالیتەری كۆماری ئیسلامی ئێران و حاكمییەتی تئۆكراتێک و داخراو بوونی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە، هیچ جۆرە كرانەوەیەک بە نیسبەت پرسی كورد لەو وڵاتەدا نابینرێت، حیزبە كوردییەكان ناچار كراون تا وڵاتەكەیان بەجێ‌بهێڵن، هیچ دەرەتانێک بۆ تێكۆشانی سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگی لە ئارادا نییە. جگە لەوە خەڵكی كوردستانی ئێران بەردەوام لەژێر گووشارو سیاسەتەكانی كاربەدەستان و بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی ئئێراندا تووشی دەیان و هەزاران دیاردەی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبنەوە كە بە مەبەستی لەنێوبردن و بنبڕكردنی هەرجۆرە هەوڵ و بیرۆكەیەكی نەتەوەیی و ئازادیخوازی لە لایەن حاكمییەتەوە بەڕێوە دەچێت‌.

كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە مانگی داهاتوو لە هەولێری پایتەختی كوردستان بەڕێوەدەچیت، پێویستە تا بە ئاوڕدانەوە بە واقییەتی سیاسی هەر پارچەیەک باس لە چۆنییەتی و شێوەی خەبات لەو پارچەیە بكات و هەوڵی تەواوی بخاتەگەڕ بۆ چەسپاندنی پلاتفۆرم و یاسایەک بە مەبەستی یارمەتیدان و پشتیوانی سیاسی حیزب و شۆڕشگێڕانی كورد لەو پارچەیە بۆ گەیشتن بە ویست و مافە رەواكانیان و لە ئاكامدا چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتە.

مەسەلەیەک كە وەک پرسیار دێتە گۆڕی ئەمەیە: كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاک مەسعوود بارزانی چۆن و چەندە دەبنە پلاتفۆرم و گوشارێک بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هەتا پرسی نەتەوەیی لە ئێراندا لە رێگای سیاسی و مەدەنییەوە چارەسەر بكات؟ چۆن ئێران دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەری لەو پارچەیەدا رادەستی حیزبە سیاسی و هەڵبژێردراوەكانی خەڵكی كوردستانی ئێران دەكات؟ چۆن و بە چ شێوەیەک كۆماری ئیسلامی ناچار بە رێفراندۆمی یاسای بنەڕەتی ئێران بۆ جێگیر بوونی یاسایەكی دێمۆكراتیک لەو وڵاتە دەكات؟

لە نیهایەتدا خەڵكی كوردستانی ئێران چارەنووسی خۆیان، خۆیان دیاری دەكەن، چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە تا بەرێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حیزبە سەرەكیەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان پشتیوانیان بن لە وەدەستهێنانی ئامانجەكانیان و یارمەتییان بدەن لەو رێگایەدا.