بۆکان؛ سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانیان لەدەستدا

10:53 - 26 خەزەڵوەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، سێ هاووڵاتیی نارازی بە ناوەکانی "سالار موجاور" ۳۰ ساڵە، "ئەسعەد ڕەحیمی" ۳۰ ساڵە و "محەممەد حەسەنزادە" ۲۸ ساڵە، لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری بۆکان بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانیان لەدەستدا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان بە فیشەکی جەنگی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

"سالار موجاور" دەرچووی قۆناخی کارناسی باڵای ڕشتەی مێعماری بووە.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، "محەممەد حەسەنزادە" لە دوایین ستۆری ئینستاگرامەکەی نووسیبووی: " شایەد ئەمڕۆ، ڕۆژی کۆتایی ژیانم بێ، لە پێناو بەختەوەری گەلەکەم..."

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۴۰۱، خۆپیشاندەران لە شاری بۆکان بۆ دووهەمین شەوی بەردەوام هاتنە سەر شەقامەکان و شەقامەکانی شاریان لە دەستی خۆیان گرتبوو.

دروشمەکانی "نەمان بۆ دیکتاتۆر"، " ژن ژیان ئازادی" لەو دروشمانە بوون کە خۆپیشاندەران دەیانوتنەوە و بەو هۆیەوە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ درانە بەر فیشەک و ناڕەزایەتییەکان بە توندوتیژی کێشران.