برا کوردەکانی ڕۆژاڤا و برا موسوڵمانەکانی میسرێ: قسەیەک دەو نێوەندەیدا

14:36 - 2 خەرمانان 2713
Unknown Author
مەحەمەد ئاکۆی

لەم ڕۆژانەدا لایەنگرانی محەممد مورسی لە میسڕ بە بارودۆخێکی نالەباردا تێدەپەڕن؛ ئەو دۆخە کاریگەری ڕاستەوخۆی بەدوای خۆیدا هێناوەتە کوردستان و مشتومڕی جیاوازیشی لێکەوتۆتەوە.

پێگەی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، کە لەم ڕۆژگارەدا زۆر جار دوایین پێشهات لەسەر ڕووداوەکان پێش هەر دەزگایەکی تری ڕاگەیاندن دەوەشێنێت، هاوکات بووەتە نێوەندێکی لەباریش بۆ ئەو ڕاگۆڕكێ و مشتومڕانەی کە دەرباری میسر و بارودۆخەکەی هاتوونەتە بەرباس و خواس. ئەوەی من گەرەکمە لەچەند دێڕێکدا باسی بکەم ئەو لایەنەی گفتوگۆکانە کە بابەتی ناسیۆنالیزم و کوردایەتی تێکەڵ بە ڕووداوەکانی میسڕ کردووە.

لەم بارەشدا هەندێک لە نێو تەپ و تۆزی ڕووداوەکان و خوێنی هاوڵاتیانی میسردا \'مرۆڤ بوون\"یان دۆزیەوەتەوە؛ لایەنێکیش هەیە کەڕک و کینەی دوژمنکارانەیان بەرامبەر \'عەرەب\' و \'تیرۆریزم\' هاو ئاوەز کردووە بە تێڕوانینیان بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و خوێنڕێژی بەرەی نوسرە دەرهەق بە گەلی کورد لەو جێیە خۆی خزاندۆتە ناو گفتوگۆکان و مشتومڕو ناکۆکەڕایی گەرمیشی لێکەوتۆتەوە.

بە کورتی هاوکێشەکە بەم جۆرە خۆی نمایش دەکات: ئەگەر تۆ بەرگری لە لایەنگرانی اخوان مسلمین بکەیت لە مسڕ ئەوا پێگەی ناسیۆنالیستیت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، چونکی میللەتی کورد لە ڕبردوودا بە چەندەها ناڕەحەتی لەوە خرپتردا گوزەری کردووە و ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکی میسر هاوخەمییەکیان بۆ کورد پیشان نەداوە.

ئەودیوی هاوکێشەکە ئەوەیە کە ئەگەر تۆ هاوسۆزی بۆ \'برایانمان\' لە میسڕ دەرنەبڕی ئەوا مرۆڤبوونت لە بارێکی گوماناوی دایە، لەبەرئەوەی ناحەقی هەر ناحەقییە بەرامبەر هەرکەسێک و نەتەوەیەک بکرێت.

ئەوەی جێی پرسیارە لە هەردوو لای هاوکێشەکە ئەوەیە کە هیچیان هۆکارێکی ڕەوا بۆ بەیەکەوە بەستنی ئەو دوو بابەتە بەدەستەوە نادەن. ئەمە لە مناقەشەدا پێی دەگوترێت \'تێکهەڵنەکردن\'، واتە تۆ دوو شت بەراورد یا ناکۆک بەیەکتر دەکەیت کە لە چاوگدا وابەستەو هاوەڵی یەکتر نین، وە لە لێکدانی ئەو دوو بابەتەدا دەگەیتە دەرەنجامێکی \'لایەندار،\' نەک بابەتی. بە واتایەکی‌تر، هیچ کەس نازانێ ئەوەی بەسەر \'برا کوردەکان\' لە کوردستانی رۆژاڤا، یا \'برا مسوڵمانەکان\' لە میسرێ روودەدات چۆن چۆنەکی دەکرێ بکرێتە بابەتی سەرەکی و پێوەری لە تەرازوودانی ناسیۆنالیزم یان مرۆڤدۆستی.

هەم جێی بایەخە کە ڕووداوەکان هەندێ جار بە ئاقاری ئایدۆلۆژیا و عەلمانیەت و ئیسلامییەتیشدا وەڕێدەکەن؛ بەجۆرێک، بەرەی هاوسۆزانی اخوان مسلمین ڕووداوەکانی میسڕ دەخەنە ئەستۆی \' تیرۆریستە عەلمانیەکان\' و بەرەی هاوخەمانی کوردانی ڕۆژئاڤا خوێنڕێژیەکانی بەرەی نوسرە دەخەنە ئۆباڵی \'تیرۆریستە ئیسلامییەکان.\' ئەوەی کە من بە ناڕەوا و نابابەتی دەیبینم لەهەردووک دیوی دەربرێنەکەدا ئەوەیە کە هیچیان بنەمای لۆژیکیییان لەبەرچاو نەگرتووە. خراپتر لەمە، هەندێک کەس دەستەواژەکان بۆ تەوس لێدان و بەردتێگرتن بەکاردێنن.

وێنێ هاوڕێیەکی نزیکم لە فەیسبووک نامەیەکی بۆ ناردم و بە دەستەواژەی \'ها خاڵە عەلمانی!\' سەلامی لێکردم، وەک بڵێی ئەوەی عەلمانییەتی پێ پەسەندتر بێت لە ئیسلامییەت ئەوا بەرپرسیارە لە کارەکانی دەسەڵاتی عەلمانییەت لە میسڕ. گومانی تێدانییە زۆر جار ئیسلامییەکانیش ڕوبەڕووی تۆمەتی ناڕەوای لەم جۆرە دەبنەوە و هەندێ کەس لە قسەکانیاندا جیاوازییەک لەنێوان یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بەرەی نوسرە لە سوریا دا ناهێڵنەوە.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە تیرۆریزم، یا تیرۆریست سەربە هەرلایەنێک بێت، یان نەبێت چ کار ناکاتە سەر قێزەونیی کارەکانیان و دەکرێت ئێمە دژی هەریەکەیان بین و \'تیرۆریزم\' وەک چەمکێکی دابڕاو لە هەر فەلسەفەو دیدێکی مرۆڤدۆستانە گەنگەشە و ناوزەد بکەین.