بارودۆخی گشتیی کۆڵبەرێکی کورد لە زیندانی ورمێ نالەبارە

بارودۆخی گشتیی کۆڵبەرێک بە ناوی "سەید عێزت تاهیری" کوڕی "ڕەحمان" خەڵکی شاری پیرانشار کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەسەختی پێکرابوو، لە بەندی بێهداریی زیندانی ورمێ نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە ٢٥ ڕۆژ پێش لە کاتی کۆڵبەری لە گوندی "قەلەڕەشە"ی سەردەشت، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دواتر لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو کۆڵبەرە پاش ڕەوانە نەکردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە".

سەید "عێزت تاهیری" هەنووکە لە بەندی بێهداریی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدایە و بەرپرسانی ئەو زیندانە بە نیسبەت داواکارییەکەی کەمتەرخەمن.