ئانیسا جەعفەری‌مێهر و داریووش مورادی بە شێوەی کاتی ئازاد کران

10:37 - 20 سەرماوەز 2720

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەز، ئانیسا جەعفەری‌مێهر چالاکی فەرهەنگی کورد خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، بە دانانی بارمتەی ٣٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەەوەها ڕۆژی دووشەممە ١٧ی سەرماوەز، داریووش مورادی، چالاکێکی دیکەی کورد خەڵکی شاری شاباد بە دانانی کەفالەت بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شاباد، تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییەی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" ڕاگەیاندووە.

 ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری‌مێهر و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییە وەکوو، لەپ‌تاپ، موبایل و هەندێک کەرەستەی دیکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بە سەرداگیراوە.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز، داریووش مورادی، چالاکی فەرهەنگیی کورد خەڵکی شاری شاباد سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە فەرهەنگییە کوردەیان لە ماڵەکەی خۆیدا،  دەسبەسەر و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان کەرەستەی شەخسیی ئەو چالاکە فەرهەنگییەیان بە تایبەت موبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

داریووش مورادی لە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ماڵپەڕی "هەسارە"یە.