٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەکۆمەڵی هاوڵاتییانی کورد لە شاری بۆکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، «زەکەریا بادسار»، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکانیش دەسبەسەر کرا. ناوبراو دوای ئەوە دەسبەسەر کرا کە باوکی، «ئیسماعیل بادسار» لەجیاتی ئەو دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندبوو تا کاتێک «زەکەریا بادسار» خۆی ڕادەستی دامەزراوە ئەمنییەکان نەکات، باوکی ئازاد ناکرێت.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ڕۆژی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان بە ناساندنی خۆیان وەک کارمەندی ئیدارەی گاز چوونەتە ماڵی بنەماڵەی بادسار. هێزە ئەمنییەتییەکان دوای ئەوەی کە زانیویانە "زەکەریا بادسار" لە ماڵ نییە، باوکی «ئیسماعیل بادسار»یان لە جیاتی ئەو دەسبەسەر کردووە.
پاشان بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە تا کاتی ڕادەستکردنی زەکەریا بە ئیدارەی ئیتلاعات، ئیسماعیل ئازاد ناکرێ. لە درێژەی هەمان ڕۆژدا و دوانیوەڕۆکەی، «زەکەریا باسار»، خۆی ڕادەستی ئیتلاعاتی بۆکان دەکات و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر دەکرێ؛ پاش دەسبەسەرکرانی "زەکەریا"، "ئیسماعیل بادسار" پاش چەند کاتژمێر ئازاد دەکرێ.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمباریەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاوڵاتییە کوردە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دیدار و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
بە دەسبەسەرکردنی ئیسماعیل بادسار و زەکەریا باسار، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵکی بۆکان لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥ەوە، گەیشتووەتە ٧ کەس. «ئومید چاوباز»، «سدیق کەریمی»، زیندانیی سیاسیی پێشوو، «هادی بایەزیدی»، چالاکی مەدەنی، «لوقمان قوربانی» و «محەممەد حاجیزادە» لە دەسبەسەرکراوانی دیکەی ئەم شەپۆلەن.





