٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ڕەزا ڕیزوەندی" لاوی تەمەن ٢٧ ساڵانی کوردی خەڵکی کرماشان، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی تارانە. سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، بۆ بنەماڵەکەی ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا لە شەقامدا و بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوژراوە یان لە گرتنگەدا. ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە لە پشتەوە تەقەی لێ کراوە و گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ بنەماڵەی ناوبراو پاش چەندین ڕۆژ گەڕان، تەرمی ڕەزا ڕیزوەندی لە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەدۆزنەوە و بە ئامبولانس بۆ کرماشانی ڕادەگوازن و لەوێ بە خاکی دەسپێرن.
یەکێک لە کەسانی نزیک لە بنەماڵەکە دەڵێ: "ئێمە نازانین ناوبراو لە ناڕەزایەتییەکانی ١٩ی بەفرانباردا کوژراوە یان لە ٢٧ی بەفرانباردا پاش دەسبەسەرکران گیانی لەدەست داوە. هیچ زانیارییەک بە ئێمە نادەن و پێمان وا نییە لە سێبەری ئەم سەرکوتەدا، پاش ئەم کوشتارە هیچ کات بزانین چۆن کوژراوە. هەر کەسێک شتێکمان پێ دەڵێت، بەڵام دەزانین کە لە پشتەوە کراوەتە ئامانج و کوژراوە."
نزیکانی ئەم بنەماڵەیە سەبارەت بە ناڕوونیی چارەنووسی کوڕەکەیان دەڵێن: "ڕەزا شەوی ١٩ی بەفرانبار لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و لە ئاخرین پێوەندیی تلفۆنیی خۆیدا بە یەکێک لە هاوڕێکانی دەڵێ کە بە دوایانەوەن و خەریکی ڕا کردنە. پاش ئەوە بنەماڵەکەی لە دوای ناڕوونبوونی چارەنووسی سەردانی دادسەرا و بەندیخانەکان دەکەن، بەڵام هیچ ناوەندێک وڵامدەر نابێ. لە کۆتاییدا لە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٤دا تەرمەکەی لە بەهەشت زەهرا دەدۆزرێتەوە."
ڕەزا ڕیزوەندی بە ڕەچەڵەک خەڵکی کرماشان و ئەندازیاری کامپیۆتر بووە.





