ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمین سەعدوئی" خەڵکی گوندی "تاریمیش" سەر بە ناوچەی کوتولی شاری خۆی، بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە ڕێگای گەڕانەوە لە سەڵماس بۆ خۆی لە خاڵی پشکنیندا بە توندوتیژی و جنێودان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی سەعدووئی بۆ ئاگاداربوونەوەی لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە و بە هۆی دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی بنەماڵەکەی نیگەرانی دۆخ و گیانی ناوبراون.
ئەمین سەعدوئی تەمەن ٤٣ ساڵ کوڕی فەزییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





