ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی ڕەزبەر، خەسرەو فەتحی، کوڕی حەبیبوڵڵا، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

خەسرەو فەتحی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، خەسرەو فەتحییان دەسبەسەر کرد و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنەیان کرد.

تاکوو ئێستا، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خەسرەو فەتحی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، حەبیبوڵڵا فەتحی خەڵکی دیواندەرە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.