ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ماشەڵڵا کەرەمی و لەپتاب و مۆبایلی ناوبرا و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەمەڕ دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ماشەڵڵا کەرەمی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فیالارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.





