شەوی هەینی، ٢٠ی گەلاوێژ، ڕەزا بەبرنژاد، برای مێهدی بەبرنژاد، لە گیانلەدەستداوانی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە قووچان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعای سپاوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ڕەزا بەبرنژاد و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان وێڕای شکاندنی شووشەکان، هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراویشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، مێهدی بەبرنژاد، هاووڵاتیی کوردی تەمەنی ٢٢ ساڵی خەڵکی قووچان، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان، گیانی لەدەست دا.
هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش سێ ڕۆژ و بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو، تەرمی مێهدییان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی مێهدی لەژێر چاوەدێری توندی ئەمنییەتییدا لە گوندی "شارک"، سەر بە شاری قووچان بەڕێوە چوو.





