ڕۆژی هەینی، ٢٦ی جۆزەردان، هێزەکانی سپای پاسداران، بەشێک لە دارستانەکانی کۆساڵانیان ئاگر تێبەردا.
پاش ئاگرتێبەردانی بەشێک لە دارستانەکانی کۆساڵان، هێزەکانی سپای پاسداران پێشیان بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و کوژاندنەوەی لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە گرت.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە بیانووی بەشداریی هێزەکانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە کوێستانەکانی کۆساڵان و بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامی، دەستیان بە تۆپبارانکردنی ئەم ناوچە کوێستانییە کردووە و زیانێکی بەرچاویان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.
ناوچەکانی کۆساڵان و شاهۆ بە ڕووبەری ٥٧.٢٣٦ هێکتار لە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، مەریوان و کامێران هەڵکەوتوون و هاوسنوور لەگەڵ کوردستانی عێراقن و بەپێی بڕیارنامەی ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە لە ساڵی ٨٨، وەکوو ناوچەی پارێزراو ناسێندراون.
لەم ناوچەیەدا، تاکوو ئێستا ١٧ جۆزر باڵندە، ٢٣ جۆر ئاژەڵی شیردەر، ١٧ جۆر خشۆکە و ٢٤٢ جۆر گیا ناسێندراوە.





