ئەمیر عالی‌بەیگی پەرستاری نەخۆشخانەی "معاون"ی شاری سەحنەی پارێزگای کرماشان، لە لقی لێپرسینەوەی دادسەرای ئەو شارە، تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەندرا.

ئەو پەرستارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای دروستکردنی لاپەڕەی ئینیستاگرامی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لەو لاپەڕەیە" تاوانبار کراوە.

ئەمیر عالی‌بەیگی لە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز لە نەخۆشخانەی "معاون"ی شاری سەحنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کرابوو.

مۆبایلی ئەو پەرستارە لە کاتی دەسبەسەرکرانی‌دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

ناوبراو بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرابوو و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجە درابوو.

ئەمیر عالی‌بەیگی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.