مامۆستا ڕەحمەت نسووحی تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی شاری مەهاباد، سەرەڕای تێپەڕینی ٧٢ ڕۆژ هێشتا لە دەسبەسەریدایە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا ئایینیە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: مامۆستا ڕەحمەت پاش تێپەڕینی مانگێک بە سەر دەسبەسەرکرانیدا، ئیزنی یەکەم پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێ دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو مامۆستا ئایینیە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

مامۆستا ڕەحمەت نسووحی ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لە خاڵی پشکنینی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو مامۆستا کوردە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.