ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەزبەر، حوسێن سەفامەنش، هونەرمەندی کورد خەڵکی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کرا.
یەکێک لە نزیکانی ئەو هونەرمەندە کوردە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: ئەو هونەرمەندە بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، هاوکارینەکردن لەگەڵ وەزارەتی ئیرشاد و دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی تاران، ڕاگیراوە.
حوسێن سەفامەنش پاش قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بە کوژرانی ژینا ئەمینی، کۆتایی بە هاوکاریی خۆی لەگەڵ وەزارەتی ئیرشاد و دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی هێنا.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە لاپەڕەی کەسیی خۆی لە ئینستاگرام نووسیبوو: "ئەرکی سەرشانی هونەرمەندێک ئەوەیە کە لە قۆناغە مێژووییەکان پشتیوانی خەڵکەکەی بێت نە لە بەرانبەرایان ڕابوەستێت".
لە لایەکی دیکەوە، خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد خەڵکی گوندی "بۆڕیەر" سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسببەسەر کرا.
ئەو هونەرمەندە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی چالاکییەکانی چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
خەبات فەدایی هەروەها ساڵی ١٤٠٠، لە دادگای گشتی و ئینقلابی شاری سەوڵاوا لە تۆمەتیوەپاڵدراوی "پڕۆپاگەندا دژی نیزام" بێتاوان ناسرابوو.





