ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەلال ئەمینی" لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان گوێزرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژ،  هێزە ئەمنییەتییەکان بە داخستنی جاددەی "میراوا" بۆ بۆکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگرت و بە بێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.

جەلال ئەمینی هاوژینی عەزیمە ناسری، زیندانیی سیاسیی پێشوویە کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو و مانگی بەفرانباریی ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و پاش چەند مانگێک لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرابوو.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.