سەرەڕای تێپەڕینی مانگێک بە سەر دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سوبحان مەولوودی" تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لە بەر دەستدا، نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان لە حاڵی لێپرسینەوەدایە و هەتا ئێستا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی پەیوەندیی تەلەفۆنیی هەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی پووشپەڕ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری باشماخی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

سوبحان مەولوودی بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە شاری هەولێر لە کارگەیەکی دروستکردنی شیرینی خەریکی کار بووە.

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.