شەپۆل خزری لە دەسبەسەرکراوەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود ڕەجەبی" بە دانی بڕی ٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی، مەحکووم کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، دادگایی کرابوو.
شەپۆل خزری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە دانی بڕی ٦ میلیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم و لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بێتاوان ناسرابوو.
شەپۆل خزری ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژ، بۆ دانی ئەو بڕە پارەیە خۆی بە لقی ٩ی بەڕێوەبەریی یاساکانی کەیفەریی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ، ناساندبوو.
ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، کرابوو.
شەپۆل خزری ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٩، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە دەسبەسەری ئازاد، کرابوو.





