ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعات لە نوێترین حاڵەتدا، گوشاری بۆ سەر بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان لە شاری بانە، کە هەواڵی پەیوەندیدار بە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران ڕووماڵ دەکەن، زیاد کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا و پاش کوژران و بریندارکردنی دوو برای کۆڵبەر بە ناوەکانی سەعدوڵڵا و عەلی یوونسی لە شاری بانە، ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، چەند جار لەگەڵ کاناڵە تێلێگرامییەکانی وەک ڕووداو بانە، پرسە و سەرەخۆشییەکانی بانە وبانە ٢٤ پەیوەندیی گرتووە و هوشداریی بە ئەوان داوە کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی پەیوەندیدار بە کۆڵبەران خۆیان ببوێرن".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "پێشتر پۆلیسی فەتا لەو پەیوەندییەدا هوشداریی بەو کاناڵانە دابوو".
ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "سەعدوڵڵا یوونسی" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "عەلی یوونسی" بە سەختی بریندار بوو.
هێزە نیزامییەکانی حکوومەت ئەو دوو کۆڵبەرە کە بران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لە سنووری "ماڵتە و گڵەسوورە"ی بانە داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.





