ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی جۆزەردان، فەرهاد مەعرووفی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شاری شنۆ، پاش بانگهێشتکردنی بۆ دادگای ئینقلابی ئەو شارە، دەسبەسەر و بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرا.
ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.
حوکمی سێ ساڵ زیندانیی ئەو هاووڵاتییە پاش ناڕەزایەتیی دەربڕین، بۆ دوو ساڵ و سێ مانگ کەم کرابووەوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.
فەرهاد مەعرووفی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، فەرهاد مەعرووفی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.





