ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی "زانکۆ مەسعوودی" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی ڕەسووڵ، "محەممەد فەدەوی" تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا، "محەممەد مەهجوور" تەمەن ٣٤ ساڵ و "ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی" تەمەن ٣٤ ساڵ کوڕی محەممەد خەڵکی گوندەکانی "ملقەرەنی" و "یازی بڵاغی" سەر بە شاری سەقز، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران.
ئەو چوار هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بێبەری کرابوون.
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز، زانکۆ مەسعوودی، محەممەد فەدەوی و ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان خەڵکی گوندەکانی "ملقەرەنی و یازی بڵاغی"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوون.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، محەممەد مەهجوور خەڵکی گوندی "ملقەرەنی" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، دەسبەسەر کرابوو.
وێنە: محەممەد فەدەوی، ڕەحمەتوڵڵا ساڵحیان یازی بڵاغی و زانکۆ مەسعوودی





