ئاژانسی کوردپا: دەسڕێژیی سپای پاسداران لە کۆڵبەرانی کورد بەردەوامە و لەم پەیوەندییەدا، دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران پێکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ١٧ی پووشپەڕ، کاتژمێر ١١ و نیو، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "غەریب عەلیزادە"، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی حاسڵ و "سامان" ناسراو بە "سامانە سوور"، تەمەن ٢٨ ساڵ، بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار بوون.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەم بارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخی سیاکێو لە سنووری "کێلەشینـ"ـی شاری شنۆ و لە ڕووی عێراقدا، دەسڕێژییان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، خەڵکی شارەکانی پیرانشار و مەهابادن".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی سپای پاسداران لە پشتەوە تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە و ئەو کۆڵبەرانە لە پشتەوە پێکراون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی "سۆران" لە هەرێمی کوردستان کراون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد: "ئەگەری هەیە کە غەریب و سامان، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "ئیمێرجێنسیـ"ـی شاری هەولێر بکرێن".

کۆڵبەری لە واتای وشەدا، بە هەڵگرتنی شتومەک لەسەر کۆڵ و لە دەستەواژەی کۆمەڵایەتیدا، کۆڵبەر بەو کەسانە دەوترێت کە شتومەک و کاڵا لە سنوورەکان هاوردەی وڵات دەکەن. جیا لە کێشە و ئەو مەترسییانە کە بەرەوڕووی کۆڵبەران لە لایەن سروشتەوە دێتە سەر ڕێگایان، وەک سەرمابردوویی، "با" و باران و هەتا دوایی، ئەم توێژە زەحمەتکێشە، بەرەوڕووی مەترسییەکی گەورەتر دەبنەوە، ئەو مەترسییەش، حوکمی نەنووسراوی تەقەکردنە لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا.

https://www.facebook.com/kurdistanagency/videos/489795685097887/