ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری بۆکان، پاش بانگهێشت کردن، دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی کاتیی شاری بۆکان، ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتی کورد، بە ناوەکانی "محەممەد ئەلیاسی" و "هیوا قوربانی ئەقدەم" خەڵکی گوندی "قەرەگۆل"ی شاری بۆکان، لە لایەن پایگای "قەرە مووسالی"ـەوە، بانگهێشت و دواتر دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردن بۆ گرتنگەی کاتیی شاری بۆکان ڕاگوێزراون.

ئەو سەرچاوەیەکی دەڵێت: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، لە گرتنگەدان و هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەوان لە بەردەستدا، نییە.