ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە نەورۆز و ساڵی نوێدا، گوشاریان خستەووەتە سەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە تایبەتی لە نەورۆز و ساڵی نوێیدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە شاری "گوگتەپە" سەر بە شاری مەهاباد، بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکردوونە کە لە ڕێوڕەسمی نەورۆز بەشداری نەکەن.
بە وتەی سەرچاوەیە ئاگادار، سەرەڕای بانگهێشت و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان، دوو کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتی بە ناوەکانی "ب. ج. ئا" و "ج.ج.ئا" لە شاری گۆگتەپە، لەگەڵ هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ناو خەڵکدا، گەڕاون و پێیان ڕاگەیاندووە کە نابێت هیچ جۆرە چالاکییەک لە ڕێوڕەسمی نەورۆز دابکەن.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو دوو دەستەوپەیوەندییەی حکوومەتییە، هەوڵی زۆریان داوە کە نەورۆز لە شاری گۆگتەپە، بەرێوەنەچێت، بەڵام هەوڵەکەیان بێئاکام بووە.
سەرچاوەی باوەڕ پێکراوی کوردپا دەڵێت: ب.ج.ئا. و ج.ج.ئا لە پێش چاوی خەڵکەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد لەو شارە کردووە کە نابێت ئەوان ئاگری نەورۆز بکەنەوە، ئەگینا لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.





