ئاژانسی کوردپا: دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاری لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەرێوەچوو و ئەو سێ چالاکە بە توندی تۆمەتەوەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەشەممە، دادگاییکردنی سێ چالاکی کرێکاری بە ناوەکانی "ئارمین شەریفە، جەمیل شەهابی و یەدووڵا سەمەدی" لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەڕێوەچوو.
یەدووڵا سەمەدی سەبارەت بە دادگایی کردنی خۆیان لە فەیسبووک شەخسی خۆی نووسیوویەتی :"دادوەری دۆسیەکە سەرەتا تۆمەتە دیاری کراوەکانی بە ڕیز، ئارمین شەریفە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوە نایاساییەکان، جەمیل شەهابی و یەدووڵا سەمەدی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕاگەیاند".
ئەو چالاکە کرێکارییە ڕایگەیاندووە کە ئەواون وێرای ڕەت کردنی تۆمەتە دیاری کراوەکان، ئەو تۆمەتانە بە "ناڕاستی" دەزانن و ئەو تۆمەتانە بە شێوەیەکی جیددی مەحکووم و ڕەت دەکەنەوە.
دادگاییکردنی ئەو سێ چالاکە کرێکارییە، کاتژمێرێکی خایاندووە و دادوەری دۆسیەکە کۆتایی دادگایی کردنەکەی ڕاگەیاند.





