ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ لە لایەن لقی ٣ی دادگایی ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەسعود شەمسنژاد، پارێزەری کوردی خەڵکی شاری ورمێ بە تۆمەتی "پرۆپاگاندە دژی نیزام و هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی" لە لایەن لقی ٣ی دادگایی ئینقلابی ئەو شارە بە ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕێبەندان، ئەم پارێزەرە کوردە بۆ لقی ئیجرایی ئەحکامی دادگایی ئینقلابی ورمێ بانگهێشت کراوە و ئەو حوکمە پێ ڕاگەیەندراوە.
دادگایی کردنی مەسعود شەمسنژاد ١١ی ڕێبەندان بێبوونی پارێزەر لە لقی ٣ی دادگایی ئینقلابی ورمێ بەڕێوەچووە و دادگا بە پشت بەستن بە مادەکانی ۴۹۹ و ۵۰۰ یاسایی سزادانی ئیسلامی ئەو حوکمەی بۆ ناوبراو دەرکردووە.
دەرچوونی حوکمی ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندان بۆ ئەم پارێزەرە بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و دۆزگەری ورمێ بووە.
ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانبار، مەسعود شەمسنژاد، پارێزەری پلە یەکی دادگوستەری لە شاری ورمێ دەسبەسەر و پاش تەواو بوونی قۆناغی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزرابوو.





