ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری بانه، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری بانە، بە توندی بریندار بوون و بۆ ناوەندێکی دەرمانی ڕاگوێزران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە کەوتوونەتە ناو مەیدانی مین و به هۆی تەقینەوەی مین دوو کۆڵبەر بە توندی بریندار بوون.
هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بەم جۆرە ڕایگەیاندووە: "ئەسعەد زەمانی" خەڵکی گوندی "حەوتاش" و "عەبدولخالق ئەمینی" خەڵکی گوندی "مێرگه نەقشینه".
ئەسعەد زەمانی بە هۆی تەقینەوەی مین لاقی پەڕیوە و خالقیش دەموچاوی بە توندی بریندار بووە.
لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی "حەدید باباجانی" تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی بورهان خەڵکی گوندی قەشڵاق، سەر بە بەشی شاهۆ به هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری نەوسوود لاقی چەپی بە توندی بریندار بوو.





