ئاژانسی کوردپا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان، توێژینەوە لەسەر دیاردەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان دەکات.
کارگای لێزانیی کۆڵبەریی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستانناسی، دیاردەی "کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکان"، لە بواری یاسایی، ئابووری و بەرهەمهێنانەوەی هەژاری تاوتوێ دەکات.
کۆڵبەر چەمکێکە، که بۆ کەسانێک بەکار دەبردرێت که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری کۆڵبردن و گواستنەوەی بارن.
ئەم چینە زەحمەتکێشە لەبەر هەژاری و نەداری ناچارن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا ڕوو لە کاری پڕمەترسیی کۆڵبەری بکەن.
کۆڵبەران لە هەژارترین چینی کوردستان به ئەژمار دێن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، دەکەونە بەر هەڕەشەی سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە چێندراوەکانیش.





