ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی ئەم شارە کرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنه، به پێی بانگهێشتنامەیەک، " یەدوڵلا سەمەدی"، چالاکی کرێکاریی بانگهێشت و داوای لێ کردووە که ڕۆژی ٦ی ڕەشەممە، لەم لقەدا ئامادە بێت.
هۆکاری بانگهێشتی ئەم چالاکە کرێکارییە "سکاڵای دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە به تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامیەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام"دا ڕاگەیەندراوە.
بانگهێشتی ئەم چالاکه کرێکارییە لە حاڵێکدایە که لقی ١٠٩ی دادگای کەیفەریی شاری سنە و لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنه حوکمی بێ تاوانبوونی ئەم کرێکارەی سەبارەت به " بڵاوکردنەوەی درۆ به مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی"ی بۆ ناوبراو و دوو چالاکی کرێکاری دیکە دەرکردبوو.
یەدوڵلا سەمەدی له کاردانەوە به بانگهێشتی لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە ڕایگەیاندووە: "من یەدوڵلا سەمەدی جارێکی دیکە وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکان ڕایدەگەینم که ئێمە هیچ کارێکی تاوانبارانەمان نەکردووە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمە سەربەخۆ کرێکارییەکان، درووستکردنی دامەزراوە سەربۆخۆ کرێکارییەکان، بەڕێوەبردنی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و مانگرتن دژی هەر شتێک کە وەکوو نایەکسانی لە کۆمەڵگادا بە ئەژمار دێت لە مافە سەرەتاییەکانی چینی کرێکار دەزانم و نابێت هیچ کەس به هۆی ئەم هۆکارانەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت و دادگایی بکرێت."





