ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراو و بریندار بوونه.
لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ٩ هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مین لە شارەکانی بانە، مەریوان، مێهران و پیرانشار کوژراو و بریندار بوونه.
لە کۆی ئەو ٩ هاووڵاتییە کوردە ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ٧ی دیکەش بریندار بوونه.
شوناسی ئەو دوو کوژراوە بە ناوەکانی: "عەبدوڵڵا محەممەدزادە" خەڵكی گوندی تەیناڵ سەر بە شاری مەریوان و "عەلی نادری" خەڵکی گوندی "گەونتوو" سەر بە شاری دیواندەرە ڕاگەیەندراوە.
ئەو دوو کەسە بە هۆی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست داوە.
لەو پێوەندییەدا، "حەمید سەعیدی، حەدیس و ڕەزا سەیدی، شەهاب ئەکفودە، عەبدولڕەحمان شەریفی، کامیار عەبدوڵڵاهی و سەفەر ڕەحمانی" بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوونه.
١٦ میلیۆن مینی شاراوە لە ئێراندا بوونی هەیە.
ئێران دووهەمین وڵاتی ئالوودە بە مینە و هەتا ئێستا ئەو مینانە هەڵ نەگیراوەنەتەوە و ڕۆژانە گیانی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.





