ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد ناوچەی مەرگەوەڕ سەر بە شاری ورمێ لە بەرزاییەکانی کێوی داڵانپەڕ به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "موزەفەر حوسێنی" تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی گسیان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.
ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکان کردبوو کە به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دەدات.
ساڵی ڕابردووش ٥ کۆڵبەری کورد بە هۆی سەرماوسۆڵە و ڕنوو لە شارەکانی ورمێ، شنۆ و پیرانشار گیانیان لە دەست دا.
یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەگرتنی کۆڵبەری، نەبوونی دەرفەتی شوغڵی، نەبوونی سەرمایەگوزاری لە لایەن حکوومەتی ئێران لە کوردستان و هۆکارگەلی سیاسی و ئابووری دەگەڕێتەوە.





