ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی گوندنشینی شاری مەریوان، ڕێگایان بە شارەداریی مەریوان نەدا، پاشماوەی زبڵ و خاشاکی مەریوان لە نزیک گوندەکانی ئەو شارە لە ژێر خاک بکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی خەزەڵوەر، دانیشتووانی گوندەکانی "گەمارەلەنگ، گوێزەکوێرە، کۆڵیت، کۆلیج و دەرێ"، بە نیسبەت دێپۆکردن و چاڵکردنی پاشماوەی زبڵەکانی ئەو شارە، لە نزیک ئەو گوندانە ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ئاکامدا شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزە ئینتزامییەکان و خەڵکدا هاتە ئاراوە.

لە ئاکامی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی "ئەرکان کەرەمی" بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار و پێنج هاووڵاتییە دیکە بە ناوەکانی "زانیار ئیبراهیمی، محەممەدموراد کەریمی، عەلی سلێمانی، فاروق مەحموودی و عەزیز ساڵحی" دەسبەسەر کران.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، دانیشتووانی گوندەکانی "کۆلیج، شێخەکوێرە، دەرێ، نشکاش، وەسنە و نەنە" بە نیسبەت دیاریکردنی شوێنێکی نوێی دێپۆ و چاڵکردنی زبڵەکانی ئەو شارە لە نزیک ڕووباری "گەردەڵان"، لە لایەن شارەداریی و شۆرای شاری مەریوانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

مەودای نێوان شوێنی ئاماژەپێکراو لە جادەی سەرەکیی مەریوان_سەقز ٢٠٠ مێترە و هەروەها ٣٠٠ مێتر لە ڕووباری "گەردەڵان" دوورە.

ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژ، هاووڵاتییانی شاری مەریوان زبڵ و خاشاکەکانی ماڵەکانیان لە بەردەم بینای شارەداریی شاری مەریوان کۆ کردەوە و ئاگریان تێبەردا.