ئاژانسی کوردپا: دیاریکردنی شوێنێکی نوێی دێپۆ و چاڵکردنی پاشماوەکان لە نزیک ڕووباری "گەردەڵان" لەلایەن شارەداری و شۆرای شاری مەریوان، ناڕەزایەتی دانیشتووانی ٦ گوندی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دانیشتووانی گوندەکانی "کۆلیج، شێخەکوێرە، دەرێ، نشکاش، وەسنە و نەنە" بە نیسبەت دیاریکردنی شوێنێکی نوێی دێپۆ و چاڵکردنی زبڵەکانی ئەو شارە لە نزیک ڕووباری "گەردەڵان"، لە لایەن شارەداریی و شۆرای شاری مەریوانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چەند ڕۆژ پێش شۆرا و شارەداری شاری مەریوان سەردانی ئەو شوێنە نوێیانەیان کرد و ڕایانگەیاند: ئەم شوێنە نوێیە بۆ دێپۆی پاشماوەکان کاتییە و هەتا دانانی کارگەی "بازیافت"ی زبڵەکانی ئەم شارە، لەم شوێنە بەتاڵ دەکەن.

مەودای نێوان شوێنی ئاماژەبۆکراو لە جادەی سەرەکیی مەریوان_سەقز ٢٠٠ مێترە و هەروەها ٣٠٠ مێتر لە ڕووباری "گردەڵان" دوورە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە: "دیاریکردنی وەها شوێنێک لەگەڵ بارینی باران تەواوی "شیرآبە"ی زبڵەکان دەڕژێنێتە ڕووبارەکە و ڕێگای ڕووبارەکە هەتا بەنداوی داریان پیس دەکات، دانانی ئەو شوێنە بۆ زبڵەکان شوێنێکی باش نییە. ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە لە شوێنگەلێکی نزیک ئەو ڕووبارە دابین دەکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا، کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.