ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بانگهێشتی دادسەرا و دادگای ئینقلابی شاری سنە کراوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەر، مریەم سادقی، ئەندامی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، بانگهێشتی دادسەرای گشتی و دادگای ئینقلابی شاری سنە کراوە.
مریەم سادقی، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بانگهێشت کراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری بانگهێشتکردنەکەی ناڕوونە.
لەو پەیوەندییەدا، سەیدعەلی حوسێنی و سلێمان عەبدی دوو مامۆستای ناسراو و چالاکی مەدەنیی شاری سەقز، بە هۆی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە، لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.
ناوبراوان پاش لێکۆڵینەوە و هەڕەشە لێکردن ئازاد کراون، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیندانی بکرێن.





