ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مێهران، سەر بە پارێزگای ئیلام بە هۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکانی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێراق بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مێهران، بە هۆی تەقینەوەی کەرەستە تەقەمەنییەکان بریندار بوون و بۆ ناوەندەی دەرمانیی شاری ئیلام ڕاگوێزراون.

شوناسی بەرکەوتووانی ئەو تەقینەوەیەوە بە ناوی "حەدیس و ڕەزا سەیدی" ڕاگەیەندراوە، بەرکەوتووانی ئەو تەقینەوەی خۆشک و برا بوون و بارودۆخی ڕەزا نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ساڵی ٨٢ی هەتاویش، دوو کەس لە نزیکانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوەکانی "شارام و بارام سەیدی" بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست داوە .

بەپێی ئامار و زانیارییە سەرەتایییەکان، کە لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی و پاش کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراق بڵاو کرایەوە، ١١٠٠ کیلۆمێتر سنووری هاوبەش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ئالوودە بە مینن.

لانیکەم ١٦ میلیۆن لە زەوی و زاری پارێزگاکانی ورمێ، کوردستان، کرماشان، ئیلام و خووزستان بە پانتایی چوار میلیۆن و ٢٠٠ هەزار هێکتار، مینڕێژ کراون.