ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دەستی بە چاندنی مینە پێداڵیەکان لە سنوورەکانی کوردستان کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سپای پاسداران لە سنووری "ساوجی و باشماخ" لە شاری مەریوان هەتا نزیکی پێنجوێن لە کوردستانی عێراق دەستی بە چاندنی مین لە جۆری پێداڵی (NO4) ، کردووە.
بە وتەی کارناسێکی مینهەڵگرەوە لە وەزارەتی بەرگری حکوومەتی ئێران، ئەو جۆرە مینانە لە جۆری پێداڵی (NO4) ، کوپی کراوە لە مینە پێداڵییەکانی وڵاتی ئیسرائیل و لە کەرەتی بەرەڤانی بەرهەم دەهێنرێت.
ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەووەتەڕوو: لەم ماوەی دواییدا، چەندین کۆڵبەر بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری مەریوان کوژراو و بریندار بوون.
ماوەیەک پێش، بێهنام سادقی چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیلام بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی "مین، دۆسییەکی هەمیشە کراوە" لە بڵاوکراوەی "ماف" باسی لە ئاماری قوربانیانی مین و کەرەستە نەتەقێندراوەکانی سەردەمی شەڕ لە کوردستان دەکات.
ناوبراو هەروەها لەو بارەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە ئەمساڵدا هەتا کاتی نووسینی ئەم بابەتە و لە ١٨ ڕووداوی تەقینەوەی مین و کەرەستە بەجێماوەکانی شەڕ لە پارێزگا ئالوودەبووەکان بە مین، بەداخەوە ٥ کوژراو و ٢٢ کەس بریندار بوون، کە تەواوی ئەو ڕووداوانە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ڕووی داوە".
بوونی ٢٠ میلیۆن مینی چێنراوی کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا چەندین رێوڕەسمی تایبەتیی لەژێر ناوی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکان بەڕێوە بردووە.





