ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ئێعدامی زەینەب سکانوەندی بە "گوێپێنەدانی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران به یاساکانی دادڕەسی لاوان و یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ" زانیوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر، زەینەب سکانوەند، زیندانی تەمەن ٢٤ ساڵ لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە سێدارە درا. فیلیپ لوتێر بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئێعدامی هەواڵی زەینەب، دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاندووە: "بە ئێعدام کردنی زەینەب سکانوەند، بەرپرسانی ئێرانی گوێپێنەدانی خۆیان بە یاساکانی دادڕەسی لاوان و یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بە شیوەی بێزارکەر پیشان داوە. زەینەب لە کاتی ڕوودانی تاوانەکەدا تەنیا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە و بەرپرسانی ئێران بە ئێعدام کردنی ناوبراو نیشانیان دا کە هیچ ڕیزێک لە مافی ژیانی لاوان ناگرن."

فیلیپ لوتێر دەڵێت: "زینەب گوتبووی کە پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەن ١٥ ساڵیدا، چەندین کەڕەت سەبارەت بە توندوتیژی لە لایەن مێرەکەیەوە پەنای بۆ پۆلیس بردووە و داوای یارمەتی کردووە. ناوبراو هەروەها ئیدعای ئەوەی کردبوو کە برای هاوژینەکەی چەندجار دەسدرێژی کردووەتە سەری، بەڵام بەرپرسانی ئێران سکاڵاکەیان لە بەرچاو نەگرتووە و پشتگوێیان خستووە."

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی سێ زیندانی، بە ناوەکانی "سەلمان خان‌عەلیلوو، زەینەب سکانوەند و حەسەن حاجیلوو"، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا.

دوو زیندانیی دیکە بە ناوەکانی "مووسا نەعێمانی و چەنگیز ئێرانی" بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی گوازرابوونەوە کە بە دانی موڵەت بۆ وەرگرتنی ڕەزایەت لە بنەماڵەی کوژراوەکان بۆ بەندەکانیان گەڕێندرانەوە.