ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی قەرارگای حەمزە، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران کرد.
محەممەدتەقی ئەسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "مێهر"، بە هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاند: "بە هەر جۆرە هەڕەشەیەک دژی وڵات وڵامێکی توند دەدەینەوە".
ناوبراو هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هەر جۆرە جووڵەیەکی دژە شۆڕش و ئامریکا لە ناوچەکە بە وردییەوە لەژێر چاوەدێری دەخرێن".
فەرماندەی قەرارگای حەمزە لەو وتووێژەدا ئیدعای ئەوە دەکات، کە "ئامریکا و گرووپەکانی دژە شۆڕش بە پارەی سعوودییەکان هەوڵ دەدەن، کە ئەو گرووپانە زێندوو ڕاگرن و چالاکی بکەن، ئەوان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە، نائەمنی لە ناوچەکە و ئێران دروست بکەن".
ناوبراو بە ئاماژەکردن بە هێرشی مووشەکیی سپا بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات ڕایگەیاندووە: "ئەمە هەڕەشەی کۆماری ئیسلامییە و ئێمە ئەم کارە لە ڕێگای هەزار کیلۆمێتری دەتوانین ئەنجامی بدەین و لەو پەیوەندییەدا ڕێبەری نیزام وتوویەتی کە ئیتر کاتی لێدە و هەڵبێ تەواو بووە".
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قەرارگای حەمزە هەوڵی دروستکردنی خاڵی پشکنین لە نزیک گوندەکانی سنە و کامیاران دەدات و دەوترێ، هێزەکانی سپای پاسداران لە شاخەکانی شاهۆ و کۆساڵان لە هەوڵی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنن.
قەرارگای حەمزە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و لە پارێزگاکانی سنە، ورمێ و کرماشان چالاکی دەکات.





