ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حدکا باسی لە کۆبوونەوەی نهێنی سپای پاسداران بۆ تێکدانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان کرد.
"محەممەد ساحێبی"، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حدکا، پاش گیان لە دەستدانی چوار چالاکی ژینگەپارێزی مەریوان، سپای پاسدارانی بە هۆکاری سەرەکی سووتاندن و تێکدانی دارستانەکانی کوردستان زانی.

ئەو بەرپرسەی حدکا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: حکوومەتی ئێران ساڵانە لێڕەوار و دارستانەکانی کوردستان لە رێگای سیخورەکانییەوە بە شێوەی نھێنی ئـاگر دەدات؛ ئـەمساڵیش لە کۆبونەوەیەکی ئـەمنییەتی (شۆرای نیزامی و دفاعی سپای پاسداران لە رۆژئـاوای ئـێران)
بەبەشداری سەردارانی سپای پاسداران وەک عوسانلو و رەجەبی بریار دراوە کە بە شێوەی نھێنی و ھەنگاو بە ھەنگاو جەنگەڵ و لێڕەوارەکانی کوردستان ئـاگر بدرێت.
ناوبراو هەروەها دەڵێت: ھەر لەو چوارچێوەیەدا ئـەمڕۆ لە مەریوان ئـاگر لە سەڵەسی بەردرا کە بەداخەوە لەو پیلانە گڵاوییەی سپای پاسداران چوار چالاکی ژینگەپارێز بۆ بەرگری لە سوتانی دار و درەختی کودستان گیانیان لە دەستدا.
بەپێی ئـەو بریارە لە شوێنی دیکە و لە کاتی دیکەدا لە رۆژانی داھاتوو لە لایەن سپای پاسدارانەوە شوێنی دیکەش ئـاگر دەدرێت.
محەممەد تەقی ئوسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە و محەممەد حوسێن ڕەجەبی، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی کوردستانە.
شەممە ٣ی خەرمانان، چوار چالاکی ژینگەپارێز، خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی "شەریف باجوەر، ئومید کۆنەپۆشی، ڕەحمەت حەکیمینیا و محەممەد پەژووهی" لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی دەورووبەری ئەم شارە گیانیان لەدەستدا.





