ئاژانسی کوردپا: شەڕ و تێکهەڵچوونێكی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سپای پاسداران لە شاری شنۆ ڕووی دا.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حیزبی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ماڵپەڕی ڕەسمی ئەو حیزبەدا، شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ سپای پاسدارانی پشتڕاست کردووتەوە و ڕایگەیاندووە: "شەوی رابردوو، شەڕێکی توند لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سپای پاسداران لە شاخەکانی کێلەشینی شنۆ ڕوویدا کە نزیک بە ٥ کاتژمێری خایاند."
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو بەیاننامەیەدا ڕایگەیاندووە کە : "زانیاری و وردەکاریی زیاتر لە سەر ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دواتر دەخەینەڕوو".
لە لایەکی دیکەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدا ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی گەلاوێژ، لە بەیاننامەیەکدا ڕوودانی ئەم شەڕەی پشتڕاست کردووەتەوە.
لە ساڵی ٩٥ەوە هەتا ئێستا، چەندین شەڕ و تێکهەڵچوونی قورس لە نێوان هیزەکانی حدکا و سپای پاسداران ڕوویداوە و چەندین جار فەرماندەکانی سپای پاسداران هەڕەشەیان لە حدکا کردووە.





