ئاژانسی کوردپا: بڕیارە ٧ی مانگی ژونی ٢٠١٥(١٧ی جۆزرەدان) هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە بەڕێوە بچێت، ئەو هەڵبژاردنە بە گرینگترین پرس و بابەتی رۆژ لە تورکیە دیتە ئەژمار و ماوەیەکە چالاکی حیزبەکان و ئامادەکارییەکانیان بووەتە مانشێتی میدیاکانی ئەو وڵاتە و بگرە دەرەوەی تورکیەش.
لەحاڵی حازردا پێکهاتەی سیاسی تورکیە بەسەر چوار دەستە و ناوچەدا دابەش بووە، ناوچە پیشەیی و گرینگەکانی ئەو وڵاتە لەژیر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حیزبی داد و گەشەپیدان(ئاکەپە)، ناوچە گەشتیارییەکان حیزبی ( جەهەپە)، ناوچەی دەریای رەش و هێندی شوێنی دیکە حیزبی(مەهەپە)، هەروەها بەشێک لە ناوچەکانی باشووری تورکیە لەژێر دەسەڵاتی( هەدەپە) دایە.
دوایین هەڵبژاردنی تورکیە ساڵی ٢٠١١ بەڕێوە چووە کە دەنگەکان بەم شێوەیە بوون:
ـ داد و گەشە پێدان"ئاكەپە" ٣٢٤ كورسی (٤٩.٩%)
ـ پارتی گەلی کۆماریی "جەهەپە" ١٣٥ كورسی(٢٥.٩%)
ـ بزووتنەوەی نژاد پەرەستی تورکیە"مەهەپە" ٥٣ كورسی(١٢.٩%)
ـ كوردەکان(ئاشتی و دێمۆکراسی ـ پارتی دێمۆکراتیکی گەلان) ٣٦ کورسی (٦ %)
کوردەکانی ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١ بەشێوەی سەربەخۆ بەشدار بوون و دواتر لە پارڵمانی تورکیە فراکسیۆنیان پێکهێنا.
كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیە رایگەیاندووە بۆ هەڵبژاردنی مانگی ژوئەن ٥٦ ملیۆن و ٦٥٢ هەزار و٦٤٨ كەس مافی دەنگدانیان دەبێت. لەکۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٥٣ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار كەس لە ناوخۆی توركیە دەنگ دەدەن.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان باسی لەوەش کردووە دوو ملیۆن و ٨٦٧ هەزار هاووڵاتیش لە دەرەوەی توركیە(نیشتەجێی وڵاتانی دیکە) دەتوانن دەنگ بدەن.
شێوازی هەڵبژاردنەکان

هەڵبژاردنی ئەم جارەی نوێنەرانی پارلمانی تورکیە راستەوخۆ و نهێنی و بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوو بە شێوەی لیست و حیزب دەبێت و پێویستە هەر لیستێک بەربەستی لەسەدا ١٠ تێپەڕ بکات هەتا بتوانێ بچێتە پارلمان.
لە تایبەتمەندییەکانی ئەو لیستە ئەوەیە کە دەنگی دەنگدەران بە فیڕۆ ناچێت و ئەو بەربژێرەی کە دەنگی پێویستی نەهێنایەوە دەنگەکانی بۆ پاڵێوراوێکی دیکە دەبێت.
لیست و حیزبەکان لەسەر بەدەستهێنانی ٥٥٠ کورسی پارلمان لە رەکابەریدان و هەڵبژاردن لە ٨١ پارێزگای ئەو وڵاتە بەرێوە دەچێت.
بۆ ئەو هەڵبژاردنە ١٧٢ هەزار و ٦٨٧ سەندووقی دەنگدان لەبەر چاو گیراوە.
٣١ پارت و لیستی جۆراوجۆر لەو هەڵبژاردنەدا بەشداران کە رێژەی پاڵێوراوانیش حەوت هەزار كەس راگەیەندراوە.
بەشداریی حیزبە کوردییەکان

سێ حیزبی" پارتی دێمۆکراتیکی گەلان(هەدەپە)، پارتی دۆزی کورد(هوداپار) و پارتی ماف و ئازادییەکان(هاکپار) "بەشدارن و لەگەڵ یەکترش لە رەکابەریدان.
هاکپار لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠١٤ی تورکیە لە ئامەد ٣ هەزار و ٥٠٠ دەنگی بەدەستهێنابوو و سەلاحەدین دەمیرتاشیش هاوسەرۆكی هەدەپە کە پاڵێوراوی كورد بوو، ٩% دەنگی دەنگدەرانی توركیەی بە دەستهێنابوو.
لەناو ئەو پارتانەدا"هەدەپە" زۆرترین دەنگی لەناوچە کوردنشینەکانی تورکیە هەیە و بە چەشنێک کە توانی ٣٦ کورسی پارلمانی تورکیە بەدەست بێنێت.
کوردەکان بەگشتی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا تەنیا ٣٦ کورسی پارلمانیان(بەشێوەی سەربەخۆ) بەدەست هێنابوو و دواتر لەساڵی ٢٠١٢دا دوو پارتی بەدەپە و هەدەپە فراکسیۆنیان پێکهێنا و دەنگەکان بە ناوی هەدەپەوە هەژمار کران.
ئەو پارتە کە زیاتر بە لقی سیاسی پارتی کریکارانی کوردستان(پەکەکە) دێتە ئەژمار، ساڵی ٢٠١٢دا لەلایەن کۆنگرەی دێمۆکراتیکی گەلان و چەپەکانی تورکیەوە پێکهات و ئەندامەکانی پێشتر لە حیزبی ئاشتی و دێمۆکراسیدا(بەدەپە) چالاکیان دەکرد.
هەدەپە بە رەکابەریی سەرسەختی (ئاکپار) لەناوچە کوردنشینەکان دیتە ئەژمار و بە پێی راپرسییەک کە دامەزراوەی "گەزیج" لە شاری ئیستانبووڵ ئەنجامی داوە لەو هەڵبژاردنەدا هەدەپە زیاتر لە ١٣%ی دەنگەكان بەدەست دێنێت.
لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١١دا (ئاکەپە) ٧٥% دەنگدەرانی كوردی تورکیەی بەدەست هێنابوو.
لیستەكەی هەدەپە لەلایەن" دەتەكە، دەبەپە و هەدەكە" و ١١٠ سەرۆكایەتیی شارەوانی تورکیە و کوردستانی تورکیەوە پشتیوانیی لێدەكرێت.
هەدەپە لە هەڵبژاردنە پارلمانییەکە و تەنانەت لەبەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی حیزبەکەشیدا باس لە پرسی نەتەوەیی ناکات و هەتا ئێستاش زۆر بەکەمی ئاڵای کوردستانی لە تەبلیغاتەکاندا بەدەستەوە گرتووە و بەرای چاودێرانی سیاسی ئەوە دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کوردەکان دەنگی پێویست بەو حیزبە نەدەن.
بێجگە لەو چەند حیزبە، بەشێک لە عەلەوییەکانی تورکیەش پەیوەست بە هەدەپە بوون و پێیان وایە کە هەدەپە دەتوانی بە پێی ئەو دروشمەی( دێمۆکراتیزە کردنی تورکیە) کە هەڵیگرتووە خواستی ئەوانیش وەدی بێنێت.
ئێستا پرسیاری شارەزایانی سیاسی و چاودێرانی هەڵبژاردنەکان ئەوەیە کە ئاخۆ ئەگەر هەدەپە لەسەدا ١٣ی دەنگەکان بەدەست بێنێت و ٦٠ کورسی پارلمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەو کورسیانە و ئەو دۆخە سیاسییە چ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەت و هەڵسوکەوتی پارتی کریکارانی کوردستان لە تورکیە و دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە دادەنێ؟





