ئاژانسی کوردپا: لەزیندانیی ناوەندیی شاری ئیلام لەکاتی بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی ئەو شارە، چەند نارنجەکێک هاویژراوەتە ناو حەوشەی زیندانەوە و لەئەنجامدا ژمارەیەک لە مەئمورانی زیندان و هاووڵاتییان بریندار بوون.
سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی رەزبەر و لەکاتی بەڕێوە چوونی حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی ئیلامی، خزم و کەسی ناوبراو بە مەبەستی پێشگری گرتن لەبەڕێوەچوونی ئەو حوکمە بە نارنجەک هێرشیان کردووەتە سەر ئەو زیندانە.
لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردووەتەوە، لەئەنجامی تەقینەوەی ئەو نارنجەکاندا ٢٨ مەئمووری زیندانیی ئیلام و هاووڵاتیانی مەدەنیی بریندار بوون و ژمارەی بریندارەکان لە سایتە ناوچەیی و فەرمییەکانی ئێراندا جیاوازە.
هاوکات هەواڵدەریی "ئیرنا" ژمارەی بریندارەکانی ئەو رووداوەی ٣٠ کەس راگەیاندووە.
لەو بارەیەوە بەهرام نیا جێگری سیاسی - ئەمنیەتیی ئوستانی ئیلام رایگەیاندووە، ئەنجامدەرانی ئەو کارە کە لەخزم و کەسانی ئەو زیندانییە بوون، دەستبەسەر کراون.
هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ بەڕێوەچوون یان دوا کەوتنی حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە ئیلامییەی نێو زیندانی ئیلام لەبەر دەستدا نییە.





