حەفتەی دووەمی مانگی خەرمانانی ١٣٩٢ی هەتاوی
ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.
ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.
بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.
راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٦ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن؛ ئێعدام کردنی ژنێک لە زیندانی ورمێ و ٣ حاڵەت پێشلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێران و بانگهێشت کردنی دوو چالاکی ژن لە ئێران، لەخۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٣ ژنی کورد هەوڵی خۆکوژییان داوە
کێشە کۆمەڵایەتییەکان، هەژاری، کێشەی بنەماڵەیی، جیاوازی چینایەتی و خەمۆکی لە نێو ژنانی کوردا بەردەوام ژنانی کورد دەکاتە قوربانی.
لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٣ ژنی کورد لە شارەکانی ورمێ، مەریوان و جوانڕۆ هەوڵی خۆکوژییان داوە کە لە ئەنجام دا ٢ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و دۆخی تەندروستیی ئەو کەسەی نالەبار راگەیەندراوە.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، " عاتفە دێهقان" کچی رەشید و دانیشتووی گوندی "پیرانچوق"ی ورمێ کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بەهۆی کێشە لە گەڵ هاوسەرەکەی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، سەرەتای حەفتەی رابردوو لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گیانی لە دەست دا.
عاتیفە کە تەمەن ٢٤ ساڵان بووە ساڵێک بەر لە ئێستا ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و دایکی منداڵێکی ساوا بووە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی خەرمانان کچێک بەناوی "نوسرەت کەریمی" کە پێشتر ئاگری لە جەستەی بەردابوو، پاش چەند رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
بەوتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، نوسرەت کە تەمەنی گەڕابوویەوە، هەتا ئیستا لەبەر چاوەدێری کردنی باوک و براکانی، شووی نەکردبوو.
هەروەها رۆژی دووشەممە ١٨ی خەرمانان، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵانی خەڵکی مەریوان بە ناوی "گوڵباخ هوشیاری" کە دایکی ٤ منداڵبووە، هەوڵی خۆکوژی دابوو.
دۆخی جەستەیی ئەم ژنە کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە هەوڵی خۆکوژی دابوو، نالەبار راگەیەندراوە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٤٢ ژن و کچی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
هێڵکاری خوارەوە رێژەی خۆکوژیی ژنان بە پێی تەمەن پێشان دەدات، بە پێی ئەم هێڵکارییە زیاترین رێژەی خۆکوژی تەمەنیان لە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ ساڵدا بووە و تەمەنی ژێر ٢٠ ساڵ لە پلەی دووەمی ئەو خشتەیەدا جێگە دەگرێت.

ئێــــــــــــران
دۆخی زیندانیانی ژن لە زیندانەکانی ئێران دا

شیوا نەزەرئاهاری، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و بەرپرسی پێشووی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافەکانی مرۆڤ، رۆژی یەکشەممە ١٧ی خەرمانان بۆ ماوەی ٣ رۆژ رەوانەی مەرەخەسی کرا.
ناوبراو ١٨ی خەرمانانی ساڵی رابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی کەرەج ناساندبوو.
شیوا نەزەرئاهاری دوای هەڵبژارنەکانی ساڵی ٨٨ دەستبەسەر و لە لایەن لقی ٣٦ دادگای پێداچوونەوەی تاران، بە تۆمەتی "پروپاگەندە دژی نیزام" و "کۆبوونەوەی نایاسایی" بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کەرەج و هەروەها ٧٤ زەربە قامچی مەحکووم کرا.

لە لایەکی دیکەوە، شەونم مەدەدزادە ژنە زیندانیانی سیاسیی زیندانی ئێڤین بەهۆی ئەوە کە ئامادە نەبووە مەرجی بەرپرسانی ئەو زیندانە قەبووڵ بکات، نزیک بە یەک ساڵە کە لە چاوپێکەوتن لە گەڵ هاوسەرەکەی "فەرزاد مەدەدزادە" بێبەری کراوە.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە پێی یاسای زیندانەکانی ئێـران، زیندانیان دەتوانن مانگی یەکجار لە گەڵ خزم و کەس و کارەکانی خۆیان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.
هەروەها مەریەم شەفیعپوور لە چاوپێکەوتنێک دا کە رۆژی دووشەممە ١٨ی خەرمانان، لە گەڵ باوکی ئەنجامی دابوو، وێرای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەمەڕ ناڕوونیی پەروندەکەی، باسی لە دۆخی ناجێگیری تەندروستیی خۆی کردبوو.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراوەنتەوە، ئەم زیندانییە سیاسییە تووشی نەخۆشیی دەست و ئازاری ددان بووە.
مەریەم شەفیعپوور رۆژی ٥ی گەلاوێژ و دوای ئەوەی کە خۆی بە لقی ٢٠ی دادسەرای "شهید مقدس" ناساند، دەستبەسەر کرا.
ئەم خوێندکارە، ساڵی ١٣٨٩ بە هۆی چالاکییەکانی لە لایەن دادگای ئینقلابەوە بە ١ ساڵ زیندانی هەڵپسێردراو مەحکووم کرابوو.
بانگهێشت کرانی دوو چالاکی ژن بۆ دادگا و وەزارەتی ئیتلاعات
لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا ئەکرەم وەلیدوستی بۆ دادگای تایبەتی روحانییەت و مەنسوورە بێهکەش بۆ وەزارەتی ئیتلاعات بانگهێشت کراون.

مەنسوورە بێهکەش کە ئەندامی چالاکی گرووپی دایکانی پارکی لالەی تارانە، رۆژی چوارشەممە ٦ی خەرمانان سەرلە نوێ بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کرایەوە.
ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ، چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا لە لایەن حکومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە ئێعدام کراون.
مەنسوورە بێهکەش لە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٠ دەستبەسەر و لە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری هەمان ساڵدا لە لایەن لقی ١٥ دادگای ئینقلابەوە بە تاوانی پێکهێنانی کۆبوونەوە نایاساییەوە بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندنایی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر ئەم حوکمە لە ٢١ی پووشپەڕی ٩١ بۆ ٦ مانگ زیندنایی تەعزیری و ٣ ساڵ و ٦ مانگ زیندنایی هەڵپەسێردراو کەم کرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە ١٨ی خەرمانان، ئەکەرەم وەلیدوستی هاوسەری زیندانیی مەزهەبی کازم بروجردی، بانگهێشتی دادگای تایبەتی رووحانییەت کراو بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرا.
ئێعدام کرانی یەکێک لە ژنانی بەندی ژنانی زیندانی ورمێ
سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٩ی خەرمانان، لانیکەم ٦ زیندانی کە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کراون کە یەک کەسیان ژن بوو.

ئەم ژنە کە شوناسەکەی بۆ سەرچاوەکانی هەواڵ روون نەبۆتەوە، بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئێعدام کراوە.
ماوەیەک پێش لە زیندانی ناوەندیی زاهیدانیش ژنێک بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماذدە سڕکەرەکان ئێعدام کرا.
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٠ ژن لە ئێران دا ئێعدام کراون.
سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا ( ٢ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ١ حاڵەت)
چالاکانی مافەکانی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران دا ( ١ حاڵەت)
کەمپەینی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئێران خەبەر ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافافەکانی مرۆڤ ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئەدوار نیوز ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی پەیام ( ١ حاڵەت)





